ئێران پیر دەبێت؛ رێژەی لەدایکبوون زیاتر لە 7% کەمی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئێران هۆشداری لە کەمبوونەوەی بەرچاوی رێژەی لەدایکبوون دەدات و رایدەگەیێنێت، لە ماوەی تەنیا یەک ساڵدا رێژەی منداڵبوون زیاتر لە 7% دابەزیوە و وڵاتەکە بە خێرایی بەرەو پیربوون هەنگاو دەنێت.
رۆژی چوارشەممە، 13ـی ئاداری 2026، عەلی رەزا رەئیسی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران ئامارە نوێیەکانی خستەڕوو و رایگەیاند: "بەپێی دوایین داتاکان، رێژەی لەدایکبوون لە ماوەی یەک ساڵدا بە تێکڕا 7.1% کەمی کردووە."
بەپێی ئەو ئامارانەی جێگری وەزیری تەندروستی بڵاویکردوونەتەوە، جیاوازیی ژمارەی لەدایکبووان لە دوو ساڵی رابردوودا بەم شێوەیە بووە:
- لە 21-03-2024 تاوەکو 21-03-2025: 973 هەزار منداڵ لەدایکبوون.
- لە 21-03-2025 تاوەکو 21-03-2026: تەنیا 892 هەزار و 268 منداڵ لەدایکبوون.
ئەم دابەزینە لە کاتێکدایە کە پێشتر ناوەندی ئاماری ئێران پێشبینی کردبوو گەشەی دانیشتووان تاوەکو ساڵی 2049 بەردەوام بێت و ژمارەی دانیشتووان بگاتە نزیکەی 94 ملیۆن و 560 هەزار کەس، بەڵام ئامارە نوێیەکان مەترسیی زووتر وەستانی ئەم گەشەیە نیشان دەدەن.
داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆمەڵگەی ئێران بە خێرایی بەرەو بەساڵاچوون دەچێت. ئێستا لە هەر 100 کەس لە ئێران، 8 کەسیان تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵییەوەیە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2016دا ئەم ژمارەیە تەنیا 6 کەس بوو. ناوەندی ئامار پێشبینی دەکات لە ساڵی 2051ـەوە ژمارەی دانیشتووانی ئێران بە یەکجاری روو لە کەمبوونەوە بکات.
سەبارەت بە پێکهاتەی خێزان، ئامارەکان نیشانی دەدەن کە ژمارەی خێزانەکان زیادی کردووە، بەڵام قەبارەی خێزان (ژمارەی ئەندامان) بچووک بووەتەوە. ژمارەی خێزانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە 24 ملیۆن خێزانەوە لە ساڵی 2016، بۆ 28 ملیۆن خێزان لە ساڵی 2025 بەرزبووەتەوە. لەو ژمارەیەش، زیاتر لە 22 ملیۆن خێزان لە شارەکان و نزیکەی 6 ملیۆن خێزانیش لە گوندەکان نیشتەجێن.
کەمبوونەوەی رێژەی لەدایکبوون لە ئێران لە کاتێکدایە کە حکومەتی ئەو وڵاتە لە ساڵانی رابردوودا چەندین یاسا و هاندەری دارایی بۆ هاندانی گەنجان بۆ هاوسەرگیری و منداڵبوون پەیڕەو کردووە، بەڵام وادیارە قەیرانە ئابوورییەکان و گۆڕانی شێوازی ژیان رێگرن لەبەردەم زیادبوونی رێژەی دانیشتووان.