وەزارەتی دەرەوەی ئێران: ئیسرائیل دەستدرێژیی سەربازیی کردووە و وەڵاممان دەبێت


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا، "رژێمی زایۆنی بە ئەنجامدانی دەستدرێژیی سەربازی" بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چەندین ناوچە، لەنێویاندا ناوچەی نیشتەجێبوون لە تاران و چەند شارێکی دیکە کراونەتە ئامانج.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا، "کۆمەڵێک لە دڵسۆزترین خزمەتکارانی نیشتمان لە بواری بەرگری و زانست و تەکنەلۆژیا، لەگەڵ ژمارەیەک هاووڵاتیی بێتاوان شەهید کراون".  
 
بەیانیی ئەمڕۆ، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی فراوانی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی سوپای پاسداران لە چەند پارێزگایەکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان. هاوکات لە چەند ناوچەیەکی عێراقیش دەنگی تەقە و تەقینەوە بیستراوە و پەیامنێری رووداو لە بەغدا گوتی: بڵاوە بە هێزێکی زۆر کراوە لە نێو شارەکەدا.
 
ئێران هێرشەکانی بە "پێشێلکاریی بڕگەی 2ی مادەی 4ی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەستدرێژییەکی ئاشکرا" دژی کۆماری ئیسلامی لە قەڵەم داوە و جەخت دەکاتەوە: "بەپێی مادەی 51ی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی یاسایی و رەوای ئێرانە وەڵامی ئەم دەستدرێژییە بداتەوە و هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بە هەموو توانایەکەوە و بەو شێوازەی کە خۆیان بە گونجاوی دەزانن، لە بەرگریکردن لە کیانی ئێراندا دوودڵ نابن."
 
هەروەها تاران، وەک ئەندامێکی دامەزرێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی لەسەر ئەرکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووەتەوە بۆ گرتنەبەری رێکاری بەپەلە و داوای لە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنەکە کردووە لە زووترین کاتدا کۆببنەوە. هاوکات داوای لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە ئەرکەکانی خۆی لەمبارەیەوە جێبەجێ بکات.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای لە هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەتایبەتی وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی ئیسلامی و ئەندامانی بزووتنەوەی وڵاتانی بێلایەن کردووە کە "وێڕای سەرکۆنەکردنی دەستبەجێی ئەم دەستدرێژییە، هەنگاوی بەپەلە و بەکۆمەڵ بنێن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم سەرکێشییە مەترسیدارە کە ئاشتی و ئاسایشی جیهانی خستووەتە مەترسییەوە."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی ئێران جەخت دەکاتەوە کە "کردەوە دەستدرێژکارانەکانی رژێمی زایۆنی بێ هاوئاهەنگی و مۆڵەتی ئەمریکا ئەنجام نەدراوە." بۆیە، حکومەتی ئەمریکا وەک "پشتیوانی سەرەکیی ئەم رژێمە، بەرپرسیار دەبێت لە دەرەنجام و لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئەم سەرکێشییەی رژێمی زایۆنی."