شوێنگرەوەی ئەو فەرماندە سەربازییانەی ئێران دەستنیشانکران کە لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا کوژران

رووداو دیجیتاڵ 

رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران شوێنگرەوەی ئەو سێ فەرماندە باڵایانەی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی دیاری کرد کە لە هێرشی ئەمڕۆی سوپای ئیسرائیلدا کوژرابوون.
 
ئەمڕۆ هەینی 13-06-2025، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەدوای کوژرانی ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییەکانی لە ئەنجامی هێرشەکەی ئیسرائیلدا، فەرمانی دەستبەکاربوونی سێ فەرماندەی دیکەی سەربازی بۆ شوێنی ئەوان دەرکرد.
 
حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، محەممەد باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران و غوڵامعەلی رەشید، فەرماندەی قەرارگەی خاتمولئەنبیای سوپای پاسداران، لە دیارترین ئەو کەسانەن کە لە هێرشەکەی سوپای ئیسرائیلدا کوژران.
 
عەلی خامنەیی بە فەرمانێک، محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەوینیی سوپای پاسدارانی وڵاتەکەی وەک شوێنگرەوەی حوسێن سەلامی دیاری کرد. 
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە فەرمانێکی دیکەدا، عەلی شادمانی، جێگری فەرماندەی قەرارگەی خاتمولئەنبیای وەکو فەرماندەی قەرارگەکە لە شوێنی غوڵامعەلی رەشید دەستنیشانکرد.
 
عەبدولڕەحیم مووسەوی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران، لە شوێنی محەممەد باقری، وەکو سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکان لەلایەن خامنییەوە دەستنیشان کرا. 
 
لە ئێران لەدوای رێبەری کۆماری ئیسلامی کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکان بە بەرزترین ئاستی سەربازی هەژمار دەکرێت.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی چەند تەقینەوەیەکی گەورە تارانی پایتەخت و چەندین شاری دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیان هەژاند، دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئەو وڵاتە کە بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، ئامانج لێی پەکخستنی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بووە.
 
لە هێرشەکەدا ژمارەیەک زانای ئەتۆمی و فەرماندەی سەربازیی وڵاتەکە کوژراون و ئێران لە وەڵامدا، بە درۆن و مووشەک هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە.