فەرماندەی گشتیی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا کوژرا

رووداو دیجیتاڵ 

سوپای پاسداران کوژرانی فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپایەکەی لە ئەنجامی هێرشەکەی ئیسرائیل راگەیاند.
 
ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی گشتیی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران لە ئەنجامی هێرشێکی "رژێمی زایۆنی" بۆ سەر بارەگای فەرماندەیی گشتیی سوپای پاسداران لە تاران کوژراوە، ئەمە بەگوێرەی سوپای پاسداران. 
 
ئەمڕۆ هەینی، 13-06-2025، ئیسرائیل هێرشێکی فراوانی بۆ سەر چەندین ناوچەی ئێران بەتایبەتی تاران ئەنجامدا. 
 
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لە هێرشەکانیاندا 200 فڕۆکەی سەربازی بەشداربوون و 100 ئامانجیان پێکاوە.
 
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییە فراوانەکەیاندا بۆ سەر چەندین ناوچەی جیاجیای ئێران، زۆربەی فەرماندە باڵاکانی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانیان کوشتووە لەنێویشیاندا ئەمیر حاجیزادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی و درۆنی سوپای پاسداران.
 
ئەمیر عەلی حاجی زادە کێیە؟
 
- لە ساڵی 1962 لە قەزوین لە دایکبووە
- لە ساڵی 1980 دەستی بە کارکردن لە سوپای پاسداران کردووە
- لە ساڵی 2009 بووەتە فەرماندەی گشتیی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران