مانگی سووری ئێران: لە 12 پارێزگا 121 کەس بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی مانگی سووری ئێران دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 12 پارێزگا 121 کەس بریندار بوون.
 
ئەمڕۆ هەینی، 13ی حوزەیرانی 2025، مجتەبا خالیدی، گوتەبێژی مانگی سووری ئێران رایگەیاند، "95 کەس گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و 26 کەسی دیکەش بە سووکی بریندار بوون هەر لە شوێنی رووداوەکە چارەسەریان بۆ کراوە."
 
مجتەبا خالیدی ئاماژەی بەوەشکرد،" لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات یەکێک لە ئەندامانی مانگی سوور لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەی شەهید بوو."
 
گوتەبێژی مانگی سووری ئێران باسی لە بەهاناوەچوونی بریندارەکان کرد و گوت، "140 تیمی مانگی سوور و هەروەها 670 خۆبەخش و هێزی تایبەت لەو ئۆپەراسیۆنەدا بەشدارن."
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی چەند تەقینەوەیەکی گەورە تارانی پایتەخت و چەندین شاری دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیان هەژاند، دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئەو وڵاتە کە بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، ئامانج لێی پەکخستنی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بووە.
 
لە هێرشەکەدا ژمارەیەک زانای ئەتۆمی و فەرماندەی سەربازیی وڵاتەکە کوژراون و ئێران لە وەڵامدا، بە درۆن و مووشەک هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە.