ئێران چۆن وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە؟ مووشەکی بالیستی، هێزی سەرەکیی تارانە
رووداو دیجیتاڵ
دوای هێرشە کوشندەکەی ئیسرائیل، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئێران چۆن وەڵام دەداتەوە؟ بەپێی شرۆڤەکاران و راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، هێزی سەرەکیی ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوە بریتییە لە مووشەکە بالیستییەکانی، کە دەتوانن لە ماوەی نزیکەی 15 خولەکدا بگەنە ئیسرائیل، لە کاتێکدا توانای درۆن و هێزی ئاسمانییەکەی سنووردارترن.
هێزی مووشەکی بالیستی: هەڕەشەی یەکەم
بەپێی ڕاپۆرتی "هاوسەنگیی سەربازیی 2025"ـی پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان (IISS)، توانای ئێران بەم شێوەیەیە:
ژمارە و مەودا: هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران زیاتر لە 100 هەڵگری مووشەکی بالیستیی مامناوەندی هەیە کە توانای گەیشتنیان بۆ زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر هەیە، کە بەسە بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل.
مووشەکی سووتەمەنیی شل: کڵاوەی تەقەمەنیی قورستر ( هەزار و 200 کیلۆگرام یان زیاتر) هەڵدەگرن، بەڵام ئامادەکردنیان بۆ هەڵدان چەندین کاژێری پێویستە.
مووشەکی سووتەمەنیی رەق: کڵاوەی سووکتر (نزیکەی 500 کیلۆگرام) هەڵدەگرن، بەڵام خاڵی بەهێزیان ئەوەیە کە دەتوانرێت نزیکەی دەستبەجێ هەڵبدرێن.
خێرایی: مووشەکێکی بالیستی کە لە ئێرانەوە هەڵبدرێت، دەتوانێت لە ماوەی نزیکەی 15 خولەکدا بگاتە ئیسرائیل.
درۆن و مووشەکی کروز: هێواشتر و لاوازترە.
ئێران کۆمەڵێک درۆن و مووشەکی کرووزی هەیە کە دەتوانن بگەنە ئیسرائیل، بەڵام:
- چەندین کاژێریان پێویستە بۆ گەیشتن بە ئامانج.
- کڵاوەی تەقەمەنیی بچووکتر هەڵدەگرن.
- زیاتر لەبەردەم بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلدا لاوازن.
هێزی ئاسمانی: کۆن و بێ توانای گەیشتن
ئێران 265 فڕۆکەی جەنگیی ئامادەی هەیە.
زۆربەیان فڕۆکەی کۆنی سەردەمی جەنگی ساردن و لەلایەن ئەمریکاوە دروستکراون.
بۆ گەیشتن بە ئیسرائیل، پێویستیان بە سووتەمەنی وەرگرتنەوە هەیە لە ئاسماندا، لە کاتێکدا ئێران کەمتر لە پێنج فڕۆکەی سووتەمەنی پێدەری هەیە.
ئەزموونی هێرشی پێشوو
لە ئۆکتۆبەری رابردوودا، ئێران نزیکەی 200 مووشەکی بالیستی و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، بەڵام زۆربەیان لەلایەن بەرگریی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانییەوە، وەک ئەمریکا، خرانە خوارەوە. ئیسرائیل رایگەیاند تەنیا زیانێکی کەم بەر ژێرخانی کەوتووە.
گرژییەکان لە لووتکەدان، دوای ئەوەی ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنی "شێری بەئاگاهاتوو"دا چەندین فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و زانای ئەتۆمیی ئێرانی کوشت، لەنێویاندا حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران و محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران.
کاردانەوەکان لە تاران زۆر تووند بوون؛ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و سوپای پاسداران هەڕەشەی "سزای سەخت" و "تۆڵەسەندنەوە" دەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش لە راگەیێندراوێکدا هێرشەکەی بە "دەستدرێژیی سەربازی" ناوبرد و رایگەیاند مافی یاسایی خۆیانە وەڵام بدەنەوە. هەروەها راستەوخۆ ئەمریکای بە هاوکاریکردن و "بەرپرسیار" لە دەرەنجامەکانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد، ئەمەش دژی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکایە کە دەڵێن بەشدارییان نەکردووە.
ئێستا کە ئێران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکات، پرسیارەکە لەسەر تواناکانی ئەو وڵاتە بۆ جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی چڕ دەبێتەوە.