وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەمریکا لە هێرشەکەدا هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل هەبووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەمریکا لە هێرشەکەدا هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل هەبووە و هەربۆیەش رووبەڕووی لێپرسراوێتی دەبێتەوە.
رۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ئێکس راگەیێندراوێکی سەبارەت بە بۆردوومانەکەی ئیسرائیل بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "رژێمی زایۆنی نەیدەتوانی هێرشەکە بەبێ هاوئاهەنگی و پەسندکردنی لەلایەن ئەمریکاوە بکات"؛ دەشڵێت: "حکومەتی ئەمریکا وەکو پاڵپشتیکاری سەرەکی ئەو رژێمە، رووبەڕووی بەرپرسیاریەتی تووند" دەبێتەوە.
ئەمڕۆ ئیسرائیل بە 200 فڕۆکەی جەنگی هێرشی کردە سەر ژمارەیەک پێگەی ئێران. تاوەکو ئێستا کوژرانی لانیکەم سێ فەرماندەی سەربازی و شەش زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتە پشتڕاستکراوەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوەکەیدا دەشڵێت: "رژێمی زایۆنی پێشێلی یەکگرتوویی خاک و سەروەری نیشتمانیی ئێرانی ئازیزمانی کرد"؛ گوتیشی: "ئێران مافی رەوا و یاسایی هەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم شەڕەنگێزییە".
وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد "هەنگاوی دەستبەجێ بەرامبەر ئەو پێشێلکارییە ئەمنی و ئاسایشی نێودەوڵەتییە بنێ" و رایگەیاند: "داوا لە سەرۆک و هەموو ئەندامانی ئەنجوومەن دەکەین بەبێ دواکەوتن کار لەسەر ئەم پرسە بکەن".
ئەفیخای ئەدرعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە ئێکس بڵاویکردەوە: "لە چەند کاژێری رابردوودا ئێران زیاتر لە 100 درۆنی بە ئاراستەی ئیسرائیل تەقاندووە و هەموو سیستمە بەرگرییەکان سەرقاڵی خستنەخوارەوەیانن".