ناوەندی چلەی ئیمام حوسێن: 50 زیارەتکاری ئێرانی لە عێراق بەهۆی دروشمدان دژی ئیسرائیل دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناوەندی چلەی ئیمام حوسێن لە ئێران دەڵێت؛ ئەم ساڵ رووداوی هاتووچۆ کەمتر بووە و رووداوێکی ئەمنیی ئەوتۆ رووینەداوە، کە کاریگەری لەسەر کاروانی زیارەتکاران هەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی ئابی 2025، عەلی ئەکبەر پوور جەمشیدیان، بەڕێوەبەری ناوەندی چلەی ئیمام حوسێن لە ئێران رایگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوو 50 زیارەتکاری ئێرانی بە هۆی گوتنەوەی دروشم دژی ئیسرائیل لە مەزاری ئیمامی سێیەمی شیعەکان لە کەربەلا لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستگیر کراون.
عەلی ئەکبەر پوور جەمشیدیان گوتی: "ئەو زیارەتکارانە دوای ئەوەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە، ئازاد کراون."
رۆژی سێشەممە 12ـی ئابی 2025، ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، لە 17 رۆژدا سێ ملیۆن و 400 هەزار زیارەتکار لە سنوورەکانی ئێرانەوە چوونەتە عێراق و لەو ژمارەیەش یەک ملیۆن و 500 هەزار کەسیان گەڕاونەتەوە."
ئەسکەندەر موئمینی گوتی: "رێکارەکانی هاتووچۆکردن لە سنوورەکان بەراورد بە پار رێکخراوتر و خێراتر بوون."
ئەسکەندەر موئمینی ئاماژەی بەوەشکرد، سنوورەکان لەژێر چاودێریی پۆلیس، پاسدار و پاسەوانی سنووردان و ئاسایشی تەواو هەیە و تائێستا هیچ کێشەیەکی بواری ئاسایش تۆمارنەکراوە.
چلەی ئیمام حوسێن لای شیعەکان بایەخی زۆری پێدەدرێ و ئەم ساڵ دەکەوێتە 14ـی مانگی ئاب.