پزیشکیان: نەتەنیاهوو لە بری هاوسۆزی بۆ ئێرانییەکان، با ئاوڕێک لە غەززە بداتەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران وەڵامی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی دایەوە، کە داوای لە ئێرانییەکان کردبوو دژی بێئاوی راپەڕن و رایگەیاند: "ئەو رژێمەی خەڵکی غەززەی لە ئاو و خۆراک بێبەشکرد، دەیەوێت ئاو بۆ خەڵکی ئێران بهێنێت؟ ئەوە خەیاڵە."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ی ئابی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە کاردانەوەی بۆ قسەکانی بنیامین نەتەنیاهوو رایگەیاند، "ئەوانەی بە رواڵەتێکی فریودەرانە، بە درۆ داوای بەزەیی بۆ خەڵکی ئێران دەکەن، پێویستە سەرەتا ئاوڕێک لە دۆخی نالەباری غەززە و خەڵکی بێدەسەلاتی ئەو شارە و بەتایبەت منداڵان بدەنەوە، کە بەهۆی گەماڕۆدانی چەپەڵانەی هەمان دەسەڵاتی دڕندە و بەهۆی برسێتی و بەهۆی دەستڕانەگەیشتن بە ئاوی پاک و دەرمانەوە خەریکە گیان لە دەستدەدەن."
 
رۆژی سێشەممە 12-8-2025 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئاماژەی بە قەیرانی کەمئاوی لە ئێراندا کرد و گوتی: "تینوێتی ئاو لە ئێران یەکسانە بە تینوێتی ئازادی." داواشی لە خەڵکی ئێران کرد، ناڕەزایی دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە دەرببڕن و بیگۆڕن.
 
پزیشکیان گوتی: "ئیسرائیل دەیەوێت هەموو وڵاتانی ناوچەکە بچووک بکرێنەوە و چەندینجار هێرشی کردووەتە سەر وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکەش و جگە لە وێرانکاری و ماڵوێرانی هیچی دیکەی لە دوای خۆی نەهێشتووە و بانگەشەی مرۆڤدۆستانە لەلایەن ئەو جۆرە تاکە خراپانە، جگە لە گاڵتەکردن بە خەڵک هیچی دیکە نییە."
 
بنیامین نەتەنیاهوو بە ئاماژەدان بە کێشەکانی ئێران و چارەسەرنەکردنیان لەلایەن دەسەڵاتی ئەو وڵاتەوە دەڵێت، ئەرکی ئیسرائیل نییە، دەسەڵاتی تاران بڕوخێنێت و خەڵکی ئێران دەبێ ئەو کارە بکەن. دەشڵێت، لەو کارەدا خەڵکی ئێران بە تەنیا نابن و ئیسرائیل لەگەڵیاندا دەبێت.