کەمترین رێژەی بێکاری لەسەر ئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە ورمێیە
رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی ئاماری ئێران رایگەیاند، تێکرای بێکاری لەو وڵاتە لە هاوینی ئەم ساڵدا 7.4٪ بووە. بە گوێرەی ناوەندەکە، پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بە 4.1٪ کەمترین رێژەی بێکاری لەسەر ئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە.
ناوەندی ئاماری ئێران نوێترین راپۆرتی لەبارەی بێکاری لەو وڵاتە ئاشکرا کرد، بەگوێرەی راپۆرتەکە، تێکرای بێکاری لە ئێران لە هاوینی ئەم ساڵدا 7.4٪ بووە کە بەراورد بە هاوینی پار 0.1٪ کەمترە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بێکاری لە 28 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ خوار 10٪ دابەزیوە و تەنیا لە سێ پارێزگای ئیلام، خوزستان و سیستان و بەلووچستان رێژەی بێکاری لە سەرووی 10٪ـە.
ناوەندی ئاماری ئێران رایگەیاندووە، کەمترین بێکاری لە هاوینی ئەم ساڵدا لە پارێزگای ورمێ تۆمار کراوە، کە رێژەکەی تەنیا 4.1٪ـە.
لە پارێزگاکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بێکاری بەم شێوەیە راگەیێندراوە: پارێزگای کرماشان 9.8٪، سنە 6.9٪، لوڕستان 7.3٪ و ئیلام 10٪.
راگەیاندنی ئەم ئامارە لە کاتێکدایە، ناوەندی توێژینەوەی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، گەشەی ئابووریی وڵاتەکە پاشەکشەیەکی بەرچاوی کردووە.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، لە 21-03-2025ـوە تاوەکو 21-09-2025 گەشەی ئابووریی ئێران گەیشتووەتە 0.3٪ خوار سفر و بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو، نزیکەی 4٪ دابەزیوە.
پسپۆران و شاڕەزایانی ئابووری ئامارە فەرمییەکانی ئێران لەبارەی رێژەی بێکاری رەتدەکەنەوە و دەڵێن، ئاماری راستەقینەی بێکاری لەو وڵاتەدا زۆر لەو رێژەیە زیاترە کە ناوەندە حکومییەکان رادەگەیێنن.