عێراقچی بۆ UN: رێوشوێنی گونجاو بگرنەبەر بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت، ترەمپ دانی بەوەدا ناوە، سەرپەرشتیی هێرشەکانی ئیسرائیلی لە دژی ئێران کردووە و داوایان لێدەکات، رێوشوێنی گونجاو بگرنەبەر بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و دادگەییکردنی تاوانباران.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەقی نامەکەی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، "لە 6ی تشرینی دووەمی 2025، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، (ئیسرائیل سەرەتا هێرشی کردە سەر ئێران، هێرشێکی زۆر زۆر بەهێز بوو، من بە تەواوی بەرپرسیار بووم لێی). بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئەم لێدوانانە بەڵگەی روونن لەسەر ئاراستەکردن و کۆنترۆڵکردنی ئەمریکا بەسەر ئەو کردەوە نایاساییانە."
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەکەیدا بە ئاماژەدان بەوە دەکات، کە هێرشەکە پێشێلکردنی بەندی چوارەمە لە مادەی دووەمی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەڵێت، لە هێرشەکەدا بەبێ گوێدان بە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ، هاووڵاتییانی مەدەنی و شوێنە مەدەنییەکان کرانە ئامانج، بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 100 کەسی بێتاوان کوژران و ژمارەیەکی زۆری دیکە بریندار بوون.
 
عێراقچی هەروەها دەڵێت، ‌هێرشی هەرەمەکی کرایە سەر ژێرخانە مەدەنییەکان، لە نێویاندا دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئێران، کە لە ژێر پارێزبەندییەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمدان، بە پێشێلکردنی ئاشکرای جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵگەنامەی کۆنفرانسەکانی پەیوەندیدار بە پێداچوونەوە بە پەیمانی قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆم، بڕیارنامەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (لەوانەش بڕیارنامەکانی 444 و 533) و بڕیارنامەی 487ی ئەنجوومەنی ئاسایش.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران جەخت لەوەش دەکاتەوە، نەک تەنیا ئیسرائیل، بەڵکو ئەمریکاش بەرپرسیارە لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر ئێران کراوە.
 
بە گوتەی عەباس عێراقچی، پێویستە ئەمریکا لەڕووی مادی و مەعنەوییەوە بە تەواوی قەرەبووی زیانەکانی ئێران و هاووڵاتییانی بکاتەوە.
 
عێراقچی باس لەوەش دەکات، "کۆماری ئیسلامیی ئێران مافی حاشاهەڵنەگرانەی خۆی بۆ بەدواداچوون لە رێگەی هەموو کەناڵە یاساییە بەردەستەکان، بۆ لێپرسینەوە لە حکومەت و کەسانی بەرپرسیار و هەروەها وەرگرتنی قەرەبووی زیانەبەرکەوتووەکان دەپارێزێت."
 
لە کۆتایی نامەکەیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران داوا لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات، رێوشوێنی گونجاو بگرنەبەر بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و دادگەییکردنی تاوانباران.
 
عەباس عێراقچی دەڵێت: "سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش بە پێی بەرپرسیارێتی خۆیان لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، پێویستە رێوشوێنی گونجاو بگرنەبەر بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەمریکا و رژێمی ئیسرائیل لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە بدرێنە دادگا."
 
ئێوارەی پێنجشەممە، 6ی تشرینی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی قسەی بۆ میدیاکان کرد و رایگەیاند، "ئیسرائیل سەرەتا هێرشی کردە سەر [ئێران]، هێرشێکی زۆر زۆر بەهێز بوو، من بە تەواوی بەرپرسیار بووم لێی."
 
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دواتر لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لێدوانی ترەمپی بە "دانپێدانانی روون بۆ بەرپرسیارێتیی ئەمریکا لە ئەنجامدانی کردەوەی نایاسایی و پێشێلکارییەکی گەورەی یاسای نێودەوڵەتی" ناوبرد و گوتی، پێویستە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەمریکا بکرێت.