پێشنوێژی گەورەترین مزگەوتی سوننەکانی ئێران: بڕیاردەر و بکوژانی خۆپێشاندەران لە دونیا و قیامەت بەرپرسن


رووداو دیجیتاڵ

پێشنوێژی گەورەترین مزگەوتی سوننەکانی ئێران لە پۆستێکدا دەڵێت، کوشتنی هەزاران خۆپێشاندەر لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە، کارەساتێکی دڵتەزێن و بێوێنەیە.
 
مەولەوی عەبدولحەمید، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پۆستێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ئەم رووداوە تاڵە، خەڵکی ئێرانی خەمگین و تووڕە و ویژدانی مرۆڤە ئازادیخوازەکانی جیهانی بە قووڵی بریندار کردووە.
 
پێشنوێژی گەورەترین مزگەوتی سوننەکانی ئێران لە زاهیدان گوتی، "بێگومان بڕیاردەر و جێبەجێکارانی ئەم تاوانە، لەم دونیا بەرپرسن و لە رۆژی قیامەتیش خودا سزای تاوانەکەیان دەدات."
 
ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە 28-12-2025ـەوە لە بازاڕی گەورەی تارانەوە دەستیپێکرد، پێی ناوەتە 18ـیەمین رۆژەوە و زۆربەی پارێزگاکانی ئێرانی گرتووەتەوە.
 
بە گوێرەی رێکخراوانی مافی مرۆڤ، زیاتر لە دوو هەزار کەس تاوەکو ئێستا لە خۆپێشاندانەکان کوژراون.
 
مەولەوی عەبدولحەمید لە گوتاری رۆژی هەینیش لە مزگەوتی مەکی زاهیدان گوتی، "ئەوەی هەیە راپەڕینە و خواستی خەڵک رەوایە"؛ داواش لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات خەڵک سەرکوت نەکەن، چونکە "خەڵک کۆڵ نادەن، بۆیە ملکەچیان بن."
 
خامنەیی، رێبەری ئێران و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە دەڵێن، "ئەمریکا و ئیسرائیل و دژبەرانیان دەستیان بردووەتە نێو خۆپێشاندانەکان و ئەوەی کە ئێستا لە شەقامەکانی ئێران روودەدات کردەوەی تیرۆریستییە و بە تووندترین شێوە رووبەڕوویان دەبنەوە."