سوپای پاسداران: هەر لێکدانەوەیەکی هەڵەی دووژمن وەڵامی تووندی دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران هەڕەشە لە دۆناڵد ترەمپ دەکات و دەڵێت، لە ئەگەری هەر ''هەڵەیەک''ـدا لەلایەن ئەمریکاوە، بە تووندترین شێوە وەڵامیان دەبێ.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14-01-2026، محەممەد پاکپوور، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران پەیامێکی لەبارەی پاڵپشتییەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە خۆپێشاندەرانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ''بێگومان دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهوو (سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل)، بکوژی گەنجانی ئێران و پارێزەرانی ئاسایشی وڵاتن.''
بەرپرسانی ئێرانی کوژرانی خۆپێشاندەرانی ئەم دواییانەی وڵاتەکە دەخەنە ئەستۆی کەسانێک کە بە ''تیرۆریست، بەکرێگیراو و ئاژاوەگێڕ'' ناویان دەبەن. محەممەد پاکپوور جەختی لەوە کردەوە، ''تاوانە دڕندانەکانی بەکرێگیراوەکانیان (ئیسرائیل و ئەمریکا) هەرگیز لەبیر ناکرێت و لە کاتی گونجاودا وەڵامیان دەدرێتەوە.''
تائێستا سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار پاڵپشتیی خۆی بۆ خۆپێشاندەران دەربڕیوە و هەڕەشەی لە بەرپرسانی ئێرانی کردووە کە لە ئەگەری تەقەکردن لە خەڵک، ئەوە بە تووندترین شێوە لێیان دەدەن. بەگوتەی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، ''ئامادەیی تەواومان بۆ وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە بە هەر لێکدانەوەیەکی هەڵەی دووژمن و بەکرێگیراوانیان هەیە و وەڵامێکی تووندمان دەبێ.''
هەڕەشەکانی محەممەد پاکپوور لەکاتێکدان کە ئەمڕۆ چوارشەممە دوو بەرپرسی ئەورووپی بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، لە 24 کاژێری داهاتوودا ئەگەری هەیە ئەمریکا هێرشبکاتە سەر ئێران.
لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2025ـوە ناڕەزایی و خۆپێشاندان دژی گرانی و دابەزینی نرخی تمەن لەلایەن کاسبکارانی تارانەوە دەستیپێکرد و دواتر سەرجەم پارێزگاکانی ئێرانی گرتەوە و لە زۆربەی شارەکان گرژی تێکەوت.
بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا)، لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە دوو هەزار و 403 کەس کوژراون، کە 147یان لە هێزە ئەمنییەکان و کەسانی سەر بە دەسەڵاتن، ئەوانی دیکە خەڵکی مەدەنین کە 12ـیان منداڵن.
بەپێی ئامارەکە، ژمارەیەکی بەرچاو لە خۆپێشاندەران بریندارن و برینی هەزار و 134ـیان سەختە. هەروەها تاوەکو ئێستا لە 18 هەزار و 434 دەستبەسەرکراو، دانپێدانانی زۆرەملێی 97ـیان لەلایەن حکومەتەوە بڵاوکراوەتەوە.