راوێژکاری خامنەیی بۆ ترەمپ: بیرت بێت چۆن مووشەکەکانمان بنکەی عودەیدیان کێڵا

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی باڵای رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وەڵامی سەرۆکی ئەمریکادا دەڵێت، پێویستە ترەمپ ئاوڕێک لە بنکەی سەربازیی عودەید بداتەوە و ببینێت "مووشەکەکانی ئێران چۆن کێڵاویانە"، جەختیش دەکاتەوە وەڵامی هەر هێرشێک دەدەنەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 14-01-2026، عەلی شەمخانی، راوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بە زمانی فارسی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "سەرۆکی ئەمریکا کە بەردەوام باسی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ئێران دەکات، باشتر وایە ئاماژەیەک بە مووشەکەکانی ئێران بکات کە چۆن بنکەی سەربازیی عودەیدەیان کێڵا."
 
شەمخانی لە پەیامەکەیدا هەڕەشە دەکات و دەڵێت: "ئەگەر ترەمپ ئاوڕێک لەو دژکردەوەیەی ئێران بداتەوە، بێگومان بەباشی لە ئیرادە و تواناکانی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی هەر چەشنە دەستدرێژییەک تێدەگات."
 
ئاڵۆزبوونی دۆخەکە و پەیامەکەی شەمخانی دوای ئەوە دێت، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس سۆشیەڵ) پەیامێکی ئاراستەی "نیشتمانپەروەرانی ئێران" کرد و داوای لێکردن دەست بەسەر دامەزراوەکانی وڵاتدا بگرن.
 
ترەمپ لە پەیامەکەیدا ئاشکرای کردبوو، هەموو کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەڵوەشاندووەتەوە و مەرجی دەستپێکردنەوەی بە وەستانی "کوشتنی بێمانای خۆپێشاندەران" داناوە. هەروەها بە بەکارهێنانی درووشمی "با ئێران مەزن بکەینەوە (MIGA)"، رایگەیاندبوو "یارمەتی لە رێگەیە."
 
هاوکات هەر ئەمڕۆ عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپی دایەوە و سەرکردەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بە "بکوژی راستەقینە" ناوبرد.
 
ئەم پەیامانە لەکاتێکدان، ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە 28-12-2025ـەوە لە بازاڕی گەورەی تارانەوە دەستیپێکرد، پێی ناوەتە 18ـیەمین رۆژەوە و زۆربەی پارێزگاکانی ئێرانی گرتووەتەوە. بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار کەس لە خۆپێشاندانەکاندا کوژراون.