مەسعود پزیشکیان: پەیوەندیمان لەگەڵ عێراق و کوردستان برایانەیە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککماری ئێران وڵاتانی دراوسێ بە ''برا و کەسوکار''ـی خۆیان دەزانێت، لەوانەش عێراق و هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، ''هیچ وڵاتێک بە شەڕ و تووندوتیژی ناگاتە ئەنجام و پێویستە زەوینەیەک بڕەخسێنین کە لە ئاشتی و ئارامیدا بژین.''
 
ئەمڕۆ شەممە 14-02-2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە کۆنفرانسی ئابووریی ''ئێران، رێڕۆی 2026'' گوتارێکی پێشکێشکرد و سەبارەت بە پەیوەندییە ناوچەییەکانی تاران رایگەیاند: ''ئێمە وڵاتانی دراوسێ بە برا، دۆست و تەنانەت کەسوکاری خۆشمان دەزانین؛ لەگەڵ ئازەربایجان، عێراق، کوردستان، تورکیا، ئەفغانستان، پاکستان و تورکمانستان پەیوەندیی مێژوویی، نەتەوەیی و کولتووریی چەند هەزار ساڵەمان هەیە و سنوورەکان ئەو پەیوەندییانەیان لەنێو نەبردووە.''
 
مەسعود پزیشکیان ئاماژەی بە گرنگیی ئاشتەوایی کرد لە ناوچەکە و گوتی: ''ئەو رێگەیانەی ئێمە بە یەکدی دەبەستنەوە، رێگەی ئاشتی، گەشەپێدان، زانست، زانیاری، خۆشەویستی و هێزە. ئەگەر ئەو رێگەیانە بەڕووی یەکدیدا بکەینەوە، دەتوانین ئاسایش، ئابووری و گەشەپێدان مسۆگەر بکەین. گەشەپێدانێک کە لە بەرژەوەندیی هەموواندایە.''
 
سەرۆککۆماری ئێران باس لە کاریگەریی نەرێنی جەنگ دەکات و دەڵێت: ''هیچ وڵاتێک بە شەڕ، پێکدادان، تووندوتیژی و خوێنڕشتن ناگاتە هیچ شوێنێک و پێویستە زەوینەیەک بڕەخسێنین کە لە ئاشتی، ئاسایش و ئارامیدا بژین.''
 
قسەکانی پزیشکیان لەکاتێکدان کە سەرەڕای بەڕێوەچوونی گەڕێکی دانوستاندنی ئەتۆمیی ئێران و ئەمریکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان، گرژییەکانی نێوانیان گەیشتووەتە لووتکە.
 
ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، بڕیارە رۆژی 17ی شوبات شاندێکی باڵای ئەمریکا و ئێران لە جنێڤی سویسرا کۆببنەوە. شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت. لە بەرامبەریشدا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکات.
 
هاوکات ئەمریکا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری هێناوەتە ناوچەکە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکە بەردەوام هەڕەشە لە بەرپرسانی ئێرانی دەکات کە ئەگەر رێککەوتن نەکرێ، ''شتی خراپ'' روودەدات.