پاسداران شەپۆلی 48ەمی ئۆپەراسیۆنی "وەعدی سادق 4"ـی راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسدارانی ئێران دەستپێکردنی شەپۆلی 48ـەمی ئۆپەراسیۆنی "وەعدی سادق 4"ـی راگەیاند و دەڵێت، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان، چەندین ئامانجیان لە باکووری ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بۆردوومان کردووە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی نوێی سوپای پاسدارانی ئێران، درەنگی شەوی شەممە 14-3-2026 بڵاوی کردووەتەوە، شەپۆلێکی دیکەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر ناوچەکانی جەلیل، جۆلان، حەیفا لە ئیسرائیل و چەند بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە کراون.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هێرشەکان لە رێگەی مووشەکی بالیستیی جۆری "خەیبەرشکن" کە بە سووتەمەنی رەق کاردەکات و مووشەکی "قەدر" کە بە سووتەمەنی شل کاردەکات، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە درۆنی خۆتەقێن کراون.
 
سوپای پاسداران ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوکات بووە لەگەڵ هێرشەکانی حیزبوڵڵای لوبنان و بە گوتەی ئەوان "بە سەرکەوتوویی تەواوی ئامانجەکانی پێکاوە."
 
تاوەکو ئێستا لایەنی ئەمریکی و ئیسرائیلی هیچ راگەیێندراوێکی فەرمییان لەبارەی قەبارەی زیانەکانی ئەو هێرشە نوێیەی سوپای پاسداران بڵاونەکردووەتەوە.
 
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل پێی نایە سێیەمین هەفتەوە، هەردوولا بەردەوامن لە مووشەک و درۆن هێرش دەکەنە سەر یەکدی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، هێزی سەربازی ئێرانیان لە دوورگەی خارک بە تەواوی لە نێوبردووە. دوورگە یەکێکە لە ستراتیژیترین ناوچە بۆ ئێران، چونکە 90٪ی نەوتی وڵاتەکە لە رێگەی ئەو دوورگەیەوە هەناردە دەکرێت.