پۆلیسی ئێران دەستگیرکردنی 54 کەسی بە تۆمەتی ''سیخوڕ'' ـی راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی ئاسایشی گشتیی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە 72 کاژێری رابردوودا بە هاوکاریی دەزگا هەواڵگرییەکان و دەسەڵاتی دادوەری، 54 کەسیان بەتۆمەتی ''سیخوڕیکردن و ئاژاوەنانەوە'' دەستگیر کردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی پۆلیسی ئاسایشی گشتیی ئێران کە ئەمڕۆ 14-03-2026 بڵاوکراوەتەوە، دوو لە دەستگیرکراوان هەوڵی ناردنی وێنە و ڤیدیۆی تۆمارکراوی شوێنە هەستیارەکانیان بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا داوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەو 54 کەسەدا، 11ـیان رووبەڕووی تیمەکانی پۆلیس بوونەتەوە لە ئەنجامدا بە برینداری دەستگیر کراون.
 
پۆلیسی ئاسایشی گشتیی ئێران بەبێ ئاماژەدان بە شوێنی دەستگیرکردنی تۆمەتباران دەڵێت، لەکاتی دەستگیرکردنیاندا، دەست بەسەر کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنیشدا گیراوە.
 
دەستگیرکردنی ئەو 54 کەسە لەکاتێکدایە کە جەنگی ئیسرائیل-ئەمریکا لەگەڵ ئێران، پێی ناوەتە 15ـیەم رۆژەوە.