هێزە چەکدارەکانی ئێران: وڵاتانی ئیسلامی دژی ئەمریکا و ئیسرائیل یەکبگرن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران داوا لە وڵاتانی ئیسلامی دەکات لە دژی ئیسرائیل و ئەمریکا یەکبگرن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئابراهام لینکنی ئەمریکا لەلایەن هێزەکانیانەوە لەکار خراوە.
ئەمڕۆ شەممە 14-03-2026، ئەبولفەزل شکارچی، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران پەیامێکی ئاراستەی وڵاتانی موسڵمانی ناوچەکە کرد و رایگەیاند: ''متمانە بە هێزی پووچەڵ و کارتۆنیی ئەمریکا مەکەن.''
لە بەرامبەردا ئەبولفەزل شکارچی داوا لە سەرکردەی وڵاتانی ناوچەکە دەکات، بۆ ''یەکێتیی جیهانی ئیسلام''، متمانە بە ئێران بکەن و دژی ئەمریکا و ئیسرائیل یەکبگرن.
گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران ئاماژەی بە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئابراهام لینکنی ئەمریکیش کرد و گوتی: ''لەلایەن هێزی وڵاتی موسڵمانی ئێرانەوە لە کار خرا و بە شکستێکی مێژوویی ناچار بە هەڵاتن کرا؛ ئەم شکستەش لە مێژوودا مایەوە.''
لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 28ـی شوباتەوە، هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە.
لە بەرامبەردا، هێزە چەکدارەکانی ئێران و بەتایبەت سوپای پاسداران، بە چەندین مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە.