سێ ناوچەی سڤیلنشین لە پارێزگای کرمانی ئێران بە مووشەک کرانە ئامانج

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی ئاسایشی پارێزگای کرمان لە ئێران رایگەیاند، سێ ناوچەی جیاواز لە سنووری پارێزگاکە لەلایەن "دووژمنانەوە" مووشەکباران کراون، هێزە ئەمنی و فریاگوزارییەکان لەو شوێنانە جێگیربوون.
 
رەحمان جەلالی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی کرمان و جێگری پارێزگار بۆ کاروباری ئاسایش، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 14-3-2026  وردەکاریی هێرشەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "لە چوارچێوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەمان، بەیانیی ئەمڕۆ سێ خاڵ لە پارێزگای کرمان بەر مووشەک کەوتوون."
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی تەناهیی کرمان دەڵێت شوێنەکان بەمشێوەیە بوون:
 
- دوو شوێنی سڤیلنشین لە سیرجان.
 
- شوێنێک لە رەفسەنجان
 
رەحمان جەلالی دەڵێت: "دەستبەجێ دوای هێرشەکان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری گەیشتوونەتە شوێنەکان و ئاگری ناوچەکانیان کۆنترۆڵ کردووە، ئێستا بارودۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە و دەزگە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی بەڕێوەبردنی دۆخەکەن، دوای لێکۆڵینەوەی وردیش قەبارەی زیانەکان رادەگەیێنین."
 
بەرپرسەکەی کرمان داوای لە خەڵک  کرد تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە زانیارییەکان وەربگرن و دووربکەونەوە لە هەر دەنگۆیەک کە لەبارەی هێرشەکەوە بڵاودەکرێتەوە.