لە تاران تەرمی وەزیری بەرگریی ئێران بە خاک سپێردرا
رووداو دیجیتاڵ
بەیانی ئەمڕۆ شەممە 14-3-2026، لە رێوڕەسمێکدا تەرمی فەریقی فڕۆکەوان عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە تاران بە خاک سپێردرا.
رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەزیز نەسیرزادە، کاژێر 10:00ـی بەیانیی، لە پارچەی 24ـی گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا لە تاران بەڕێوە چوو، لە رێوڕەسمەکەدا خەڵكێکی زۆر و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەشداربوون.
نەسیرزادە، پلەی سەربازیی (فەریق/سەرلەشکر)ـی هەبوو و پێشتریش فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئێران بووە، لە تەنیشت هاوڕێ و فەرماندە سەربازییەکانی دیکەی ئێراندا نێژرا.
میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، رێوڕەسمەکە بە شکۆیەکی سەربازییەوە بەڕێوە چووە و تێیدا دوایین ماڵئاوایی لەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی بەرگری کراوە.