لە کرمانی ئێران 14 کەس بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایش" و پەیوەندی بە ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ

داواکاری گشتیی شاری کرمان لە ئێران رایگەیاند، 14 کەس بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و هەوڵدان بۆ نانەوەی ئاژاوە و پشێوی لەنێو وڵاتدا دەستگیرکراون.
 
مەهدی بەخشی، داواکاری گشتیی ناوەندیی پارێزگای کرمان، وردەکاریی دەستگیرکردنی ئەو گرووپەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگـەوە تاوەکو ئێستا، لە رێگەی هەواڵگرییەوە، 14 کەس قۆڵبەست کراون."
 
داواکاری گشتیی کرمان دەڵێت ئەو کەسانە پلانیان هەبووە هاوشان لەگەڵ هێرشەکاندا لەنێوخۆشدا چالاکیی دژەئاسایش بکەن و ئاژاوە و پشێوی بنێنەوە.
 
بە گوتەی مەهدی بەخشی، ئەو دەستگیرکراوانە لە چوارچێوەی "تۆڕێکی رێکخراودا" کاریان کردووە و ئەرکیان ئەوە بووە کاریگەری لەسەر کایەی گشتی دروست بکەن، رای گشتیی کۆمەڵگە بۆ پشێوی هان بدەن.
 
داواکاری گشتیی کرمان جەختی لە هۆشیاریی دەزگە ئەمنییەکان و دادوەرییەکانی ئێران کردەوە و هۆشدارییدا: "کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تووندی رووبەڕووی هەر جۆرە کارێکی تێکدەرانە دەبێتەوە ئارامیی گشتی بخاتە مەترسییەوە، رێگەش نادەین دووژمن بە دیزاینە ئاڵۆزەکانی، ئاسایشی خەڵک تێکبدات."
 
ئەم دەستگیرکردنانە لە کاتێکدایە ناوچەکە و ئێران لە دۆخێکی هەستیاری سەربازیدان و دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە چاودێرییە مەیدانییەکانیان بۆ سەر بازاڕ و ناوەندە هەستیارەکان چڕتر کردووەتەوە.