دۆخی نێوخۆی تاران؛ نرخی شووشە بەرزبووەتەوە و نانەواخانەکانیش نابێ دابخرێن
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی تاران رایانگەیاند، بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر شووشەی باڵەخانەکان، پلانێکی نوێ بۆ جێگیرکردنی نرخەکان جێبەجێ کراوە، هاوکات هۆشداری دەدرێتە ئەو نانەواخانانەی بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە کارەکانیان راگرتبوو، بەشێکیان بەشێوەی یاسایی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
حیشمەتوڵڵا عەسگەری، جێگری پارێزگاری تاران بۆ کاروباری ئابووری، بە میدیاکانی ئێرانی رایگەیاندووە کۆبوونەوەکانی لیژنەی رێکخستنی بازاڕ رۆژانە بەڕێوەدەچن، خواست لەسەر کڕینی شووشەی باڵەخانە بەهۆی ئەو زیانانەی بەر هەندێک یەکەی نیشتەجێبوون کەوتووە، زیادیکردووە و نرخیشی بەرزبووەتەوە.
کۆنترۆڵکردنی نرخی شووشە
عەسگەری، رایگەیاند: "بە هاوئاژهەنگی لەگەڵ یەکێتییە پەیوەندیدارەکان و کۆمپانیا هەرەوەزییەکان، میکانیزمێک داڕێژراوە تاوەکو خەلك بۆ کڕینی شووشە ڕووبەڕووی نرخی خەیاڵی نەبنەوە و بتوانن بە نرخێکی گونجاو و نزیک لە نرخەکانی پێشوو، شووشە بۆ نۆژەنکردنەوەی ماڵەکانیان دابین بکەن."
سزادانی نانەواخانەکان
سەبارەت بە دابینکردنی نان، جێگری پارێزگاری تاران ئاشکرای کرد لە ماوەی دوو هەفتەی شەڕدا، هەندێک نانەواخانە بە شێوەیەکی خۆسەرانە کارەکانیان راگرتبوو، بەڵام 33 کە داخراو، ناسنامەیان ئاشکرا کراوە و ئاگادارکراونەتەوە
ئەو نانەواخانانەی لە کاتی دیاریکراودا دەستیان بە کار نەکردووەتەوە، پشکی ئاردیان بڕدراوە و رەوانەی دەزگەی دادوەری کراون.
بەگوێرەی میدیای ئێران ئێستا زۆربەی نانەواخانەکان بەردەوامن لە کارکردن.
جێگری پارێزگاری تاران دەڵێت: "بەهۆی نزیکبوونەوەی جەژنی نەورۆز، میوە بە (نرخی پاڵپشتیکراو) خراوەتە بازاڕەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی نرخی میوە لە بازاڕەکاندا، چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا نرخەکان زیاتر دابەزن."
عەسگەری دڵنیاییدا هیچ کەمی لە کاڵا بنەڕەتییەکاندا نییە و رایگەیاند: "120 تیمی چاودێری بە شێوەیەکی مەیدانی لە بازاڕەکاندان و بە توندی rووبەڕووی هەر جۆرە گرانفرۆشی، قۆرخکاری و سوودوەرگرتنێکی نەشیاو لە دۆخی بازاڕ دەبنەوە."