تاران لەژێر بۆردوومانی خەستی فڕۆکە و مووشەکی ئەمریکا و ئیسرائیل دایە

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە چواردەیەمین رۆژی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەینی 13ی ئادار زیاتر لە 100 شوێن لەنێو شار و دەوروبەری تاران بۆردوومان کران. لە بەرەبەیانی هەینییەوە تاوەکو نیوەشەو، لە زیاتر لە 30 شوێنی تاران بە فڕۆکە و مووشەک، هێرش کراوەتە سەر ئامانجەکان.
 
بەپێی راگەیێندراوی سوپای پاسدارانی ئێران دوێنێ هەینی 5 فڕۆکەی بێفڕکەوانی ئیسرائیلی و ئەمریکی لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانەوە خرانە خوارووە . بەپێی ئەو راگەیێندراوە لەسەرەتای شەڕەکەوە تائێستا 114 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئێرانەوە خراونەتە خوارەوە . 
 
هەروەها دوێنێ هەینی ئێران و گرووپەکانی "مقاوەمەی ئیسلامی"ی سەر بە ئێران هێرشیانکردە سەر چەند شوێنێک لە هەرێمی کوردستان ، عێراق ، ئیمارات ، بەحرێن، قەتەر، سعودیە و عومان.
 
تاران
 
لە کاژێر سێ تاوەکو شەشی بەیانیی هەینی لە گەڕەک و شەقامەکانی (عەراقی، لەواسان، وەحید، سەیدخەندان، مونیرییە، مەرزداران، یوسف ئاباد، زەعفەرانییە، ئەبوزەر، پەرستار، دەوڵەتخا، جانبازان، سۆهرەوەردی، پاسداران، شەقامی پێنجەمی پیروزی، ئینقلاب، تێهرانسەر، دەوڵەت ئاباد، فەلاح، بەهار، فاتمی، کارگەری شوماڵی، شەهریار، سەتارخان، نازی ئاباد، سەعادەت ئاباد) دەیان شوێن بۆردوومان کراون.
 
ئەو کەسانەی هەواڵ و ڤیدیۆی بۆردوومانەکانیان بڵاوکردووەتەوە دەڵێن، هەندێک لە ئامانجەکان سێ بۆ چوار جار بۆردوومان کراون و دەنگی تەقینەوەکانیش بەراورد بە رۆژانی رابردوو بەرزتربووە. هاوکات، هێرش کرایە سەر چەند ئامانجێک لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی مێهرئابادی تاران.
 
پێشنیوەڕۆی هەینی لە ناوچەی (خاوەران)ـی تاران، لە نزیک رێوڕەسمی ناشتنی هەشت کەس لە هێزە کوژراوەکانی ئێران دا، درۆنێک تەقییەوە. هەروەها لە بەرامبەر یاریگەی ئازادیی تاران، شوێنێک کە دەگوترێ بنکەی جێگیربوونی هێزی تایبەتی پۆلیس بووە، کراوەتە ئامانج.
 
رۆژی هەینی لەنێو شاری تاران لە (چوارڕێیانی وەلی عەسر) و هەروەها لە نزیک شوێنی بەڕێوەچوونی رێپێوانی (رۆژی قودس) لە تاران، چەند تەقینەوەیەک لە شەقامی فاتمی و لە نزیک باڵەخانەی وەزارەتی ناوخۆی ئێران روویان دا.
 
شەوی هەینیش جارێکی دیکە بە فڕۆکە هێرشکرایەوە سەر تاران و شارەکانی دەوروبەری. بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، چەندین شوێن لە گەڕەکەکانی (چیتگەر، گیشا، ئەقدەسییە، نەواب، سەتارخان، نیاوەران، ئێکباتان، لەویزان، شەهرەکی غەرب، سەعادەت ئاباد، مونیرییە، نۆوبونیاد، حەکیمییە و مێهرئاباد) و هەروەها لە ناوچەی لەواسانی شمیرانات چەندین شوێن بۆردوومان کراون.
 
میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە، باڵەخانەکانی وەزارەتی بەرگریی ئێران، هەروەها خاڵی سەرەکیی پۆلیسی هاتووچۆی تاران بەرەو کەرەج لەنێو شوێنە بۆردوومانکراوەکاندان.
 
دەوروبەری تاران
 
شەوی هەینی لە چەند شوێنێکی رۆژئاوای شاری کەرەج، شاری (مێهرشەهر)ی پارێزگای ئەلبورز و (ئیسلامشەهر)ی پارێزگای تارانیش چەند شوێنێک کرانە ئامانج.
 
بنکەکانی سیستمی بەرگری ئاسمانی و هەروەها کۆمەڵگەی پیشەسازیی سەربازی لە پارچینیش کرایە ئامانج.
 
چەند کۆگەیەک لە ناوچەی (تۆرغوزئاباد) سەر بە شاری رێی پارێزگای تاران بۆردوومان کران. ئیسرائیل ساڵی 2018 رایگەیاند، لە کۆگەکانی ئەو ناوچەیە ژمارەیەکی زۆر بەڵگەنامەی تایبەت بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانی دەستکەوتووە و لە ئێران بردوویەتییە دەرەوە.
هەروەها لە ناوچەی (فەشافویەی حەسەن ئاباد) لە شاری رێی تاران، چەند ئامانجێک بۆردوومان کران. دانیشتووانی ناوچەکە بە میدیاکانیان گوتووە، دوای بۆردوومانەکە چەندین تەقینەوەی بەهێز روویانداوە.
 
بنکەی پۆلیسی رێگەوبانی شاری قەرچەک لە پارێزگای تارانیش نیوەڕۆی هەینی بۆردوومان کرا. لە باشووری رۆژئاوای تارانیش، نزیک قایمقامییەتی شاری (بەهارستان) کرایە ئامانج.
 
لەنێو شاری (شەهری رێی) پارێزگای تارانیش، نیوەڕۆی هەینی ئامانجێک لە نزیک قایمقامییەتی شارەکە بۆردوومان کرا.
 
ناوچەکانی دیکە 
 
لە بەرەبەیانی هەینییەوە تاوەکو نیوەشەو، ئەمریکا و ئیسرائیل بە فڕۆکە و مووشەک هێرشیان کردە سەر چەندین شوێن لە پارێزگاکانی قەزوێن، هەمەدان، مازەندەران، ئیسفەهان، هورموزگان، خوزستان و فارس.
 
نیوەڕۆی هەینی، چەند جار ژمارەیەک شوێن لە کۆمەڵگەکانی پیشەسازیی (کاسپیەن، لیا، ئەلبورز) لە شاری قەزوێنیش کرانە ئامانج. میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، "لە گوندێکی قەزوێن هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر ماڵی خەڵکی ئاسایی".
 
لە دەوروبەری شاری هەمەدانیش، بەیانیی هەینی چەند ئامانجێک لەنێو شارۆچکەی پیشەسازیی (بوعەلی) بۆردوومان کران. میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، یەکێک لەو شوێنانەی کراوەتە ئامانج، "کۆگەی شیری وشک و دەرمانی تایبەتی نەخۆشیی درێژخایەن" بووە و بە تەواوی لەنێوچووە.
 
لە شاری بێهشەهەر لە پارێزگای مازەندەران سێ ئامانج بە فڕۆکە بۆردوومان کران. یەکێک لەو شوێنانەی بۆردوومان کراوە، بنکەیەکی سەربازییە لە ناوچەی(سەفی ئاباد) کە بۆ کاروباری تایبەت بە چاودێریی ئاسمانی بەکاردەهێنرێت.
 
کاژێر چواری دوای نیوەڕۆ لە شەقامی(شێخ سدوق)ی ئیسفەهان هێرشکرایە سەر باڵەخانەیەک. میدیای ئێران ڤیدیۆی هێرشەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەردەکەوێت، باڵەخانەکە بە تەواوی رووخاوە.
 
ئێوارەی هەینی جارێکی دیکە بە مووشەک لەنێو فڕۆکەخانەی دوورگەی کیش درا لە باشووری ئێران. شایەتحاڵان لەو شارە بڵاویانکردووەتەوە، چوار مووشەک لە فڕۆکەخانەکە دراوە. لە سەرەتای شەڕەوە، بەردەوام فڕۆکەخانەی کیش کراوەتە ئامانج.
 
هەروەها لە نزیک شاری دێزفوول لە پارێزگای خوزستان، سەربازگەی هێزی پیادەی ئەرتەشی ئێران بۆردوومان کرا.
 
شەوی هەینی لە شاری شیرازی ناوەندی پارێزگای فارسیش، هێرش کرایە سەر ئامانجێک لەنێو (کۆمەڵگەی پیشەسازیی ئەلیکترۆنی). 
 
ئامارەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا
 
سوپای ئیسرائیل ئێوارەی هەینی بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە زیاتر لە 90 فڕۆکە و لە دوو هێرش دا، زیاتر لە 200 بۆمبایان بەسەر ئامانجەکانیان لە ئێران دا خستووەتە خوارەوە. 
 
بەپێی ئەو راگەیێندراوەی سوپای ئیسرائیل، بنکەکانی هەڵدانی مووشەک، پێگەکانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی، سەربازگەیەکی سوپا و ناوەندەکانی بەسیج و پۆلیسیان کردوونەتە ئامانج.
 
هەروەها دەڵێت، شوێنێکیان کردووەتە ئامانج کە تایبەت بوو بە لێکۆڵینەوە لەبارەی پەرەپێدانی مووشەکی بالیستی.
 
پییت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکاش رۆژی هەینی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە 15 هەزار ئامانجیان لەنێو خاکی ئێران دا بۆردوومان کردووە.
 
14 رۆژ بەسەر شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دا تێپەڕی، بەڵام هێشتا ژمارەی قوربانیان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە فەرمی رانەگەیێندراوە. لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ژمارەیەک هاونیشتمانیی سیڤیل بەهۆی ئەو شەڕەوە بوونەتە قوربانی. چەندین خانوو و دووکانی خەڵکی ئاسایی زیانیان بەرکەوتووە. 
 
بەپێی دوایین ئامار کە رێکخراوی مانگی سووری ئێران رۆژی هەینی بڵاویکردەوە، "لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دا، 36 هەزار و 593 خانوو، باڵەخانە و شوێنی ناسەربازی کراونەتە ئامانج". 
 
سوپای ئیسرائیل و فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندیی ئەمریکا دەڵێن، هێزەکانی ئێران شوێنی ناسەربازی بەکاردەهێنن بۆ چالاکی سەربازی.