پەرلەمانتارێکی ئێران: ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەرامبەر ئێمەدا دەستەوەستان ماون
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران دەڵێ، ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەرامبەر بەرگریی ئێراندا دەستەوەستان ماونەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پێچەوانەی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەرپرسانی ئێرانی لە دۆخی جەنگدا لەنێو خەڵکدان.
ئەمڕۆ شەممە 14-03-2026، عەلائەدین بروجێردی، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، پێچەوانەی بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلی، بەرپرسانی وڵاتەکەی لەنێو خەڵکدان و ''بەهۆی جەنگەوە خۆیان لە حەشارگەکاندا نەشاردووەتەوە.''
بەگوتەی عەلائەدین بروجێردی، رۆژانە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دۆخی جەنگەوە ''قسەی جیاواز دەکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ شڵەژاویی تەواویان''.
دوێنێ لە رۆژی جیهانیی قودسدا، سەرەڕای ئەوەی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر تاران بەردەوام بوون، بەرپرسانی ئێران بەشداریی رێپێوانەکەیان کرد. ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی ئێران دەڵێت: ''چاوەڕوان دەکرا لەم دۆخی جەنگدا، نەتەنیاهوو (سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل) قسە بکات، هەڕەشە بکات، بەڵام کاتێک دیار نییە، دۆخی نازانین؛ ئینشائەڵڵا (کوژراوە) یان بریندار بووە.''
عەلائەدین بروجێردی ئاماژەی بە بەردەوامیی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل کرد لەگەڵ ئێران و گوتی: ''سەرەڕای ئەوەی گەورەترین و بەهێزترین سوپای جیهان لە بەرامبەرمانە و ئیسرائیلیش پێی وایە چوارەمین سوپای بەهێزی جیهانی هەیە و هاوپەیمانەکانیان یارمەتییان دەدەن، بەڵام بە کردەوە دەبینین کە ئەوان لەم جەنگەدا دەستەوەستان بوون.''