عێراقچی: هێرشەکەی سەر دوورگەی خارک لە وڵاتانی دراوسێوە کراوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هێرشەکەی سەر دوورگەی خارک لە وڵاتانی دراوسێوە کراوە و، هێزەکانی ئەمریکا مووشەکی جۆری "هیمارس"یان لەو وڵاتانەوە هاوێشتووە.
رۆژی شەممە، 14ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی بە دڵنیاییەوە وەڵامی ئەو هێرشانە دەداتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، "لە کاتی وەڵامدانەوەدا وریای ئەوە دەبین ناوچە ئاوەدان و قەرەباڵخەکان نەکرێنە ئامانج."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی تاران، عێراقچی رایگەیاند، "رووسیا و چین هاوبەشی ستراتیژیی ئێمەن و ئەو هاوبەشییەش لە هەموو بوارەکاندا، بەتایبەتی لە هاوکارییە سەربازییەکاندا بەردەوام دەبن."
ئەم لێدوانانەی عێراقچی لە کاتێکدایە کە دوێنێ 13/03/2026 دۆنەڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سوپای ئەمریکا دوورگەیەکی بچووکی لە کەناراوەکانی ئێران بۆردوومان کردووە، کە وێستگەیەکی گەورەی هەناردەی نەوتی لێیە و وەک شا دەماری ئابووریی ئەو وڵاتە دادەنرێت.
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گوتی، دامەزراوە سەربازییەکانی دوورگەی خارک بە تەواوی تەخت کراون، بەڵام دەستیان پاراستووە لە بە ئامانجگرتنی ژێرخانی نەوتی دوورگەکە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ترەمپ هۆشداری دا کە ئەگەر ئێران یان هەر لایەنێکی دیکە هەر کارێک بکەن بۆ تێکدانی هاتووچۆی سەلامەتی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز، ئەوا پێداچوونەوە بە بڕیاری بە ئامانج نەگرتنی دامەزراوە نەوتییەکاندا دەکات.
سوپای ئێران رایگەیاند، ئەگەر ژێرخانی نەوتی خارک بکرێتە ئامانج، ئەوا ژێرخانی نەوت و وزەی ئەو کۆمپانیایانەی کار لەگەڵ ئەمریکا دەکەن دەستبەجێ لەنێودەبرێن.
شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل، چووەتە ناو 15یەمین رۆژەوە و بۆردوومانەکان لەلایەن هەردوولاوە بۆ سەر یەکدی بەردەوامە.