مانگی سووری ئێران: لە هێرشەکاندا زیاتر لە 42 هەزار یەکەی مەدەنی زیانیان بەرکەوتووە

 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی مانگی سووری ئێران، نوێترین ئاماری زیانەکانی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکای بۆ سەر وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 42 هەزار یەکەی مەدەنی زیانیان بەرکەوتووە، کە تەنیا لە تاران 10 هەزار یەکەیان نیشتەجێبوونن.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمیی مانگی سووری ئێران، لە سەرەتای دەستپێکی هێرشەکانەوە تاوەکوو ئێستا 42 هەزار و 914 شوێنی مەدەنی (ناسەربازی) زیانیان بەرکەوتووە. لەو ژمارەیەش 36 هەزار و 489 یەکەیان نیشتەجێبوون و 6 هەزار و 179 یەکەی دیکەیان بازرگانین.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، تەنیا لە شاری تاران 10 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بەهۆی هێرشەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
 
سەبارەت بە زیانەکان لە کەرتە خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا، مانگی سووری ئێران رایگەیاندووە:
 
160 ناوەندی دەرمان، چارەسەری، تەندروستی و بنکەی فریاکەوتنی خێرا زیانیان پێگەیشتووە.
 
69 قوتابخانە لە سەرتاسەری وڵات بە شێوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کراونەتە ئامانج.
 
لە بەشێکی دیکەی ئامارەکەدا تیشک خراوەتە سەر زیانە مرۆییەکان لە ناوەندەکانی خوێندندا و هاتووە، تاوەکوو ئێستا 195 قوتابی و کارمەندی قوتابخانە گیانیان لەدەستداوە و 154 مامۆستا و قوتابیی دیکەش بریندار بوون.