یونسکۆ: چوار شوێنەواری مێژوویی ئێران زیانیان بەرکەوتووە
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی یونسکۆ هۆشداریدەدات لەبارەی زیانگەیشتن بە شوێنەوارە مێژووییەکانی ئێران بەهۆی جەنگەوە و رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا چوار شوێنەوار کە لە لیستی رێکخراوەکەدایە زیانیان بەرکەوتووە.
لازار ئێلۆندۆ ئاسۆمۆ، بەڕێوەبەری ناوەندی شوێنەواری جیهانی لە یونسکۆ، "نیگەرانیی قووڵی خۆی" لەبارەی کاریگەریی گرژی و پێکدادانەکان لەسەر ناوچە مێژووییەکانی ئێران دەربڕیوە و رایگەیاندووە: "ئێران خاوەنی 29 شوێنەواری تۆمارکراوە لە لیستی میراتی جیهانیی یونسکۆ، بەداخەوە چوار لەو شوێنەوارانە تووشی زیان بوون."
بەگوتەی بەڕێوەبەری ناوەندی شوێنەواری جیهانی "کۆشکی گوڵستان" لە تاران، کە ''یەکێکە لە گرنگترین" شوێنەوارە مێژووییەکان و زۆرجار بە کۆشکی "ڤێرسای" فەرەنسا بەراورد دەکرێت، لەنێو ئەو شوێنانەدایە کە زیانیان بەرکەوتووە.
لازار ئاسۆمۆ جەختی لەوەش کردووەتەوە: "رێکخراوی یونسکۆ هەموو ناوچە و شوێنە جوگرافییەکانی ئەو ناوچە مێژووییانەی بۆ هەموو لایەنە شەڕکەرەکان ناردووە و، هەمووان ئاگادارن ئەم شوێنەوارانە نابێت بە هیچ شێوەیەک بکرێنە ئامانج یان هێرشیان بکرێتە سەر و تێکبدرێن." پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان لە کاتی جەنگدا بەشێکە لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و تێکدانیان وەکو تاوانی جەنگ لەقەڵەم دەدرێت.
رۆژی چوارشەممە 11ی ئاداری 2026، چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرانەوە کە وێرانکارییەکی زۆر لە ناو کۆشکی چل ستوون پێشان دەدەن، کە زۆرجار بە "گەوهەری ئیسفەهان" ناودەبرێت، لە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت شووشەی پەنجەرەکان شکاون و پارچەی مووشەک لە ناوەوەی کۆشکەکە بڵاوبوونەتەوە، هەروەها زیان بە بەشێک لە سەقف و پێکهاتە مێژووییەکەی گەیشتووە.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "کۆشکی چل ستوون یەکێکە لە دیارترین تەلارە مێژووییەکانی بنەماڵەی سەفەوی، بەهۆی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا زیانی بەرکەوتووە." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم کۆشکە تەنیا موڵکی ئێران نییە، بەڵکو بەشێکە لە میراتی کولتووری هاوبەشی مرۆڤایەتی."