دوو بەرپرسی باڵای کوژراوی رۆژی یەکەمی جەنگ لە ئێران بەخاکدەسپێردرێن

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمڕۆ لە تاران رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی وەزیری بەرگری و سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی ئێران بەڕێوەبچێت کە رۆژی یەکەمی جەنگ لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە کوژران.
 
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، کاژێر 10:00ـی ئەمڕۆ شەممە 14-03-2026 (بەکاتی تاران) رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران لە پارچەی 24ـی گۆڕستانی ''بەهەشتی زەهرا''ـی تاران بەڕێوەبچێت و دواتر هەر لەوێ کە تایبەتە بە فەرماندە سەربازییەکان، بەخاک بسپێردرێت.
 
هاوکات کاژێر 11:00ـی ئەمڕۆ، بڕیارە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی شەمخانی، راوێژکاری باڵای رێبەری پێشووی ئێران و سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی وڵاتەکەش لە ''شەقامی حەسەن نەسڕوڵڵا'' (وەزیران)ـی تاران بەڕێوەبچێت. 
 
بەگوێرەی میدیای ئێران، دوای رێوڕەسمەکە، تەرمی عەلی شەمخانی کاژێر 16:00(بەکاتی تاران) لە گۆڕەپانی تەجریشی تاران و لە تەنیشت ئیمامزادە ساڵح بە خاک دەسپێردرێت.
 
هەردوو بەرپرسە باڵاکەی ئێران و چەندین بەرپرسی سەربازی و هەواڵگریی دیکە، 28ـی شوباتی 2026، لە هێرشێکی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکادا بۆ سەر نووسینگەی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئەوکاتی وڵاتەکە کوژران.
 
تاوەکو ئێستا بەهۆی بەردەوامیی جەنگەوە، رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی و ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییەکانی ئێران کە لە جەنگەکەدا کوژران، دواخراوە.