گوتەبێژی حکومەتی ئێران: لە جەنگی ئەم دواییەدا 270 ملیار دۆلار زیانمان بەرکەوتووە

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، بەگوێرەی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، قەبارەی ئەو زیانانەی لە جەنگی ئەم دواییەدا بەر ئێران کەوتوون، زیاتر لە 270 ملیار دۆلارە. ئاماژە بەوەش دەکات، تیمی دانوستاندنکاری وڵاتەکەی کار بۆ وەرگرتنەوەی قەرەبووی جەنگ دەکات.
 
میدیای فەرمیی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە، فاتیمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی "ریا نۆڤۆستی"ی رووسی رایگەیاندووە، "خەمڵاندنە سەرەتاییەکان بۆ زیانەکانی ئێران لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تاوەکو ئێستا بە نزیکەی 270 ملیار دۆلار دیاریکراوە.
 
گوتەبێژی حکومەتی ئێران هەروەها دەڵێت، بەڵام ئەم ژمارەیە هێشتا کۆتایی و بڕاوە نییە و قەبارەی زیانەکان زیاترە.
 
مهاجرانی ئاماژەی بەوەش کرد، زیانەکان بە چەندین ئاست و چیندا پۆلێن دەکرێن و هەڵسەنگاندنی وردیان بۆ دەکرێت. گوتیشی، "یەکێک لەو بابەتانەی تیمی دانوستاندنکاری ئێمە بە جدی بەدواداچوونی بۆ دەکات و لە گفتوگۆکانی ئیسلامئابادیشدا باسی لێوەکرا، بابەتی وەرگرتنەوەی قەرەبووی جەنگە.
 
لە 28ی شوباتی 2026ـەوە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و بەرەبەیانی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026 ئاگربەستێکی دووهەفتەیی لە نێوان لایەنەکان راگەیێندرا.
 
رۆژی شەممە، 11ی نیسانیش دانوستاندنەکانی نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری پاکستان لە ئیسلامئابادی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوون، بەڵام دوای 21 کاژێر گفتوگۆ نەگەیشتنە رێککەوتن و رۆژی یەکشەممە شکستهێنانی دانوستاندنەکان راگەیێندرا.
 
ئێران داوای قەرەبووی زیانەکانی جەنگ لە 5 وڵاتی ناوچە دەکات
 
لە کاتێکدا ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا بەردەوامە و پێی ناوەتە هەفتەمین رۆژییەوە، تاران هەنگاوە فەرمییەکانی بۆ داواکردنی قەرەبووی زیانەکانی جەنگ دەستپێکرد.
 
ئەمیرسەعید ئیرەوانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوو نامەی جیاوازدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بە فەرمی داوای کرد، "بەحرێن، سعودیە، قەتەر، ئیمارات و ئوردن بەهۆی بەشدارییان لە جەنگدا لە بەرژەوەندی ئەمریکا و ئیسرائیل"، قەرەبوونی زیانەکانی ئێران بکەن.
 
ئیرەوانی دەڵێت، "ئەم پێنج وڵاتە لە رێگەی کردەوە ناڕەوا نێودەوڵەتییەکانیانەوە، ئەرکە نێودەوڵەتییەکانیان بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران پێشێل کردووە و بەم شێوەیەش بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتییان دەکەوێتە ئەستۆ و دەبێ "قەرەبووی تەواوی ئەو زیانانە بکەنەوە کە بەر کۆماری ئیسلامی ئێران کەوتووە، لەوانەش پێدانی قەرەبووی هەموو زیانەکانی ماددی و مەعنەوی کە لە ئەنجامی کردەوە ناڕەوا نێودەوڵەتییەکانیانەوە دێتە ئاراوە."