ئینتەرنێت و جەنگ؛ ئێران بەهۆی بڕانی ئینتەرنێتەوە رۆژانە 120 ملیۆن دۆلار زیانی پێدەگات


رووداو دیجیتاڵ

سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست و وەستاندنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران بەردەوامە و ژووری بازرگانیی ئێران، بەرپرسانی ئەنجوومەن و سەندیکاکانی بازرگانییە دیجیتاڵییەکان لەو وڵاتە لەبارەی داڕمانی بازارەکانەوە هۆشداری دەدەن. 
 
بەرپرسێکی ژووری بازرگانیی ئێران دەڵێت، بڕانی ئینتەرنێت رۆژانە لەنێوان 100 تاوەکو 120 ملیۆن دۆلار زیان بە ئابووریی ئەو وڵاتە دەگەیێنیت.
 
وڵاتێکی 90 ملیۆنی بێ ئینتەرنێت
 
لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوبات، ئێران ئینتەرنێت و تۆڕەکانی دیکەی پەیوەندی لە سەرانسەری وڵاتەکە بڕی و سیاسەتێکی تووندی بەرامبەر دەستپێڕاگەیشتنی هاووڵاتیان بە ئینتەرنێت پەیڕەو کرد، تەنانەت ئەو کەسانە دەستگیرکران کە ئینتەرنێتی ستارلینکیان بەکاردەهێنا.
 
ئێستا 47 رۆژ بەسەر بڕانی ئینتەرنێت لە سەرانسەری ئێران تێدەپەرێ. وڵاتێک کە بەپێی دوایین ئامارەکان، ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 90 ملیۆن کەسە و بەپێی راپۆرتێکی ئەم ساڵی وەزارەتی گەیاندن و تەکنەلۆجیای زانیاریی ئێران، قەبارەی ئابووریی دیجیتاڵ نزیکەی 8٪ی ئابووریی وڵاتەکە پێکدەهێنێت. بە گوێرەی بەرنامەی حەوتەمی گەشەپێدانی ئێرانیش، پێویستە حکومەت قەبارەکەی بۆ 10٪ بەرز بکاتەوە.
 
لەگەڵ پێشهاتە سەربازییەکان، "بڕانی ئەنتەرنێت" بووەتە بارگرانییەکی دیکە بۆسەر شانی هاووڵاتیان و بازرگانانی ئێران. پچڕانی ناوبەناو و خاوکردنەوەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بە پاساوی "بارودۆخی ئەمنی" و بەمدواییەش پچڕانی تەواوەتیی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی بە پاساوی "جەنگ و هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل"، کەرتی بازرگانیی دیجیتاڵیی ئەو وڵاتەی رووبەڕووی زیانی ملیار دۆلاری کردووەتەوە.
 
لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگ، بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە ئێران رایانگەیاند، دەستڕاگەیشتن بە تۆڕە جیهانییەکان و تەنانەت پلاتفۆڕمە نێوخۆییەکانیش ئەستەم بوو. ئەمە تەنیا کێشەی پەیوەندی نەبوو، بەڵکو بە گوتەی شارەزایانی ئابووری لە تاران، "ئیفلیجکردنی بژێویی ملیۆنان کەس" بوو کە کار و داهاتیان تەنیا لەسەر ئینتەرنێتە.
 
هۆکاری ئەمنی و ناڕەزایەتیی بازرگانان
 
بەرپرسانی ئەمنیی ئێران بڕینی ئینتەرنێت وەک "پێویستییەکی کاتی بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی" لە کاتی هێرشەکاندا دەبینن، بەڵام چالاکڤانانی کەرتی تەکنەلۆژیا دەڵێن ئەم بڕیارانە "خۆکوژیی ئابووریین."
 
ماڵپەڕی "دیدبان ئێران" بڵاویکردووەتەوە، زۆربەی کۆمپانیا سەرەتاییەکان و ئەو کۆمپانیایانەی لە بواری گواستنەوە و گەیاندنی خۆراک و کاڵا کار دەکەن، لە کاتی جەنگدا، بەهۆی نەمانی ئینتەرنێت و سیستمی جی پی ئێسەوە کارەکانیان بەتەواوی پەکیکەوتووە.
 
زیانەکان بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێندرێن
 
بەپێی راپۆرتی ناوەندە فەرمییەکانی وەک (ژووری بازرگانیی تاران) و (کۆمەڵەی بازرگانیی ئەلیکترۆنی)، هەر کاژێرێک بڕین یان تێکچوونی ئینتەرنێت، ملیۆنان دۆلار زیان بە ژێرخانی ئابووریی ئێران دەگەیێنێت.
 
ئەفشین کولاهی، سەرۆکی لیژنەی کۆمپانیا تازە دامەزراوەکان لە ژووری بازرگانیی ئێران دەڵێت: "بەپێی خەمڵاندنەکان، زیانی راستەوخۆی بڕینی ئینتەرنێت لە ئێران لەنێوان 30 ملیۆن تاوەکو 40 ملیۆن دۆلارە لە رۆژێکدا؛ زیانە ناڕاستەوخۆکانیشی نزیکەی 70 ملیۆن تاوەکو 80 ملیۆن دۆلارە لە رۆژێکدا."
 
ئەفشین کولاهی ئاماژە بە کردنە ئامانجی بەرزەپردی بی-وەن لە کەرەج و وێستگەکانی کارەبا لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات و بەراوردی زیانەکانیان بە زیانی بڕینی ئینتەرنێت دەکات و دەڵێت: "پێم وایە تێچووی بەرزەپردێکی وەک بەرزەپردی بی-وەن لە کەرەج لەنێوان 15 ملیۆن تاوەکو 20 ملیۆن دۆلارە؛ هەروەها تێچووی بەرهەمهێنانی یەک مێگاوات کارەبا بە دروستکردنی وێستگەیەکی کارەبا لەنێوان یەک تاوەکو سێ ملیۆن دۆلارە، بەڵام بە بڕینی ئینتەرنێت رۆژانە هێندەی دروستکردنی چوار بەرزە پردی کەرەج و دوو ویستگەی مامناوەندی کارەبا، زیان بە ئابووریی ئێران دەکەوێت."
 
بە لێکدانەوەی ژمارەکان، زیانەکانی بڕینی ئەنتەرنێت لە ئێران لە 47 رۆژی رابردوودا لەنێوان چوار ملیار و 700 ملیۆن دۆلار تاوەکو پێنج ملیار و 640 ملیۆن دۆلار بووە.
 
بژێوی ژیانی 10 ملیۆن کەس ئاستەنگی بۆ دروستبووە
 
حەمیدڕەزا ئەحمەدی، ئەندامی ئەنجوومەنی بازرگانییە دیجیتاڵییەکان لە ئێران دەڵێ، بژێوی ژیانی 10 ملیۆن کەس لە ئێران بە ئینتەرنێتی نێودەوڵەتییەوە گرێدراوە و بە بڕینی ئینتەرنێت لە سەرەتای جەنگەوە، سەرچاوەی داهاتیان کەوتووەتە مەترسییەوە.
 
بەپێی راپۆرتە میدیاییەکانی نێوخۆی ئێران، تەنیا لە کەرتی پیشەسازیی مۆدێل و جلوبەرگدا، بڕینی ئەنتەرنێت کاریگەریی کردووەتە سەر بژێوی و کار و پیشەی لانیکەم یەک ملیۆن کەس.
 
سەرچاوە میدیاییە نێوخۆییەکانی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن، زیاتر لە 400 هەزار گەورە بازرگانی و زیاتر لە ملیۆنێک کاسبکاری بچووک لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئینستاگرام و تیلیگرام کاردەکەن، کە ئێستا بە بڕینی ئینتەرنێت و قەدەخەی سەر پلاتفۆرمە جیاوازەکانی سۆشیاڵ میدیا مەترسیی ئەوە هەیە، بە تەواوی کارەکەیان لەدەستبدەن.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، فاتیمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی "ریا نۆڤستی"ی رووسیا رایگەیاند، بەگوێرەی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، قەبارەی ئەو زیانانەی لە جەنگی ئەم دواییەدا بەر ئێران کەوتووە، زیاتر لە 270 ملیار دۆلارە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، تیمی دانوستاندنکاری وڵاتەکەی کار بۆ وەرگرتنەوەی قەرەبووی جەنگ دەکات.
 
رەخنە لە حکومەت و کەرتی تایبەت
 
بڕینی ئینتەرنێت لە کاتی جەنگدا، نەک تەنیا کڕین و فرۆشتنی راگرتووە، بەڵکو متمانەی کڕیارانیشی بە بازاڕی دیجیتاڵی لەنێوبردووە. ئەو کەسانەی کار و داهاتیان لەسەر بازاڕی ئۆنلاینە، رەخنە لە دۆخەکە دەگرن و دەڵێن، لەگەڵ هەر کێشە و قەیرانێک، حکومەت دەستبەجێ دەست بە بڕینی ئەنتەرنێت دەبات.
 
رەزا ئولفەتنەسەب، سەرۆکی یەکێتیی بازرگانییە دیجیتاڵییەکان لە ئێران دەڵێت، بازرگانیی دیجیتاڵ لە ئێران لەسەر زەوینەیەکی لەرزۆک بونیاتنراوە و لەگەڵ رووداونی هەر قەیرانێک تووشی تێکچوون و داڕمان دەبێت، بۆیە پێویستە ئەو دۆخە چاک بکرێت."
 
ئولفەتنەسەب رەخنە لە حکومەت و کەرتی تایبەت دەگرێت، کە تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە لەسەر زەوینە و ستراتیجێکی هاوبەش بۆ بازرگانییە دیجیتاڵییەکان بگەنە رێککەوتن و تاوەکو ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێت، قەیران لەو کەرتە بەردەوام دەبێت.
 
سێبەرێکی رەش بەسەر پاشەڕۆژی ئابوورییەوە
 
لە کاتێکدا ئەمریکا گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا سەپاندووە، بڕینی ئەنتەرنێتیش وەک "گەمارۆیەکی نێوخۆیی" لێکدەدرێتەوە. شارەزایان و ئابووریناسان هۆشداری دەدەن، ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت، رەوتی کۆچی سەرمایەداران و شارەزایانی تەکنەلۆژیا لە ئێرانەوە بۆ دەرەوەی وڵات خێراتر دەبێت، کە ئەوەش لە درێژخایەندا زیانێکی قەرەبوونەکراوە بە ئابووریی وڵاتەکە دەگەیەنێت.
 
هەرچەندە بڕینی ئینتەرنێت لە ئێران لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکان و بەتایبەت سوپای پاسدارانەوە بە پاساوی "جەنگ و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی" بڕیاری لەسەردراوە، بەڵام ئابووریناسان هۆشداریانداوە بەردەوامیی ئەم دۆخە دەبێتە هۆی داڕمانی یەکجاریی ئابووریی دیجیتاڵ لەو وڵاتەدا.
 
هەنگاوی بچووک  بەرەو ئاساییکردنەوە
 
هەرچەندە بڕانی گشتیی ئینتەرنێت لە ئێران بەردەوامە و هیچ ئاسۆیەک بۆ کۆتاییهاتنی بڕینەکە نییە، بەڵام حکومەت لە یەکەمین هەنگاودا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە، ئینتەرنێتی بۆ ژمارەیەک زانکۆ گەڕاندەوە.
 
عەباس سرووش، سەرۆکی زانکۆی ئەمیرکەبیر لە تاران، ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاژانسی ئیسنای وڵاتەکەی راگەیاند، لە نێوخۆی زانکۆ ئینتەرنێت بە شێوەیەکی سنووردار بۆ مامۆستایان و خوێندکاران دابین کراوە. 
بە گوتەی سرووش، هەموو مامۆستایانی زانکۆ لەسەر مۆبایلەکانیان ئینتەرنێتیان کارا کراوەتەوە.
 
ئێران ئینتەرنێتی نێوخۆی چالاک کردووە
 
دوای بڕینی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی، حکومەتی ئێران هەر لە رۆژە سەرەتاکانی جەنگی ئەم دواییە، ئینتەرنێتی نێوخۆیی چالاک کرد، کە بە "تۆڕی نیشتمانیی زانیاریی" یان "ئینتەرنێتی نیشتمانی" دەناسرێت.
 
ئینتەرنێتە ناوخۆییەکەی ئێران، پرۆژەیەکە کە لە ساڵی 2010ـەوە بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئەنتەرنێت لە ئێران دەستپێکرد و یەکەمین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەکە لە ساڵی 2012 دەستیپێکرد.
 
تاران دەڵێت، ئامانج لە چالاککردنی تۆڕەکە، رێگریکردن لە دزەکردنی زانیارییە سەربازییەکان، پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی پڕوپاگەندەی نەیاران بەتایبەت ئەمریکا و ئیسرائیل و پاراستنی دامەزراوە حکومی، سەربازی و بانکییەکانە لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان.
 
ئێران لەم ماوەیەدا پلاتفۆرمە نێوخۆییەکانی بە شێوەیەکی بەرفراوان کاراکردەوە، حکومەت هانی خەڵک دەدات، ئەو پلاتفۆرمانە بەکاربهێنن. 
 
حکومەتی ئێران لە ساڵانی رابردوودا کۆمەڵێک ئەپلیکەیشنی جێگرەوەی بۆ پلاتفۆرمە جیهانییەکانی وەک وەتسئەپ، تەلەگرام و ئینستاگرام دروست کردووە، کە گرنگترینەکانیان ئەمانەن:
 
روبیکا: بە سوپەر ئەپی ئێران دادەنرێ. هاوشێوەی ئینستاگرام و تەلەگرامە. لە کاتی جەنگدا وەک سەرچاوەی سەرەکیی کاتبەسەربردن و هەواڵ بەکاردێت.
 
ئیتا: پلاتفۆرمێکی دیکەیە کە زۆرتر هاوشێوەی تیلیگرامە. بە شێوەیەکی بەرفراوان لە لایەن دامەزراوە ئایینی و حکومییەکان و لایەنگرانی حکومەت بۆ رێکخستنی جەماوەری و بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوەکان بەکاردێت.
 
بەڵێ: ئەم ئەپە بۆ پەیوەندی دەنگ و ڤیدیۆیی و کورتەنامە بەکاردێت، هەروەها خزمەتگوزاریی دیکەش وەکو خزمەتگوزارییە بانکییەکان پێشکەش دەکات.
 
سرووش: ئەپێکی تایبەتە بە ناردنی نامە و کورتەپەیام کە لایەن دامەزراوەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران دامەزراوە بۆ ناردنی هەواڵەکان.
 
بەرزبوونی تێچووی ئەنتەرنێت لە ئێران
 
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی شەرق-ی ئێرانی، بەهۆی بەردەوامیی بڕانی ئەنتەرنێت، نرخی فیلتەرشکێن لە بازاری رەش زۆر گران بووە و ئێستا یەک گیگا ئینتەرنێت بە فلتەرشکێنەوە نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار تمەن لەسەر هاووڵاتیان دەکەوێت.
 
هەروەها پێگەی تیجارەت نیوز دەڵێت، ئێستا تێچووی مانگانەی ئینتەرنێت لەگەڵ فیلتەرشکێن بۆ هەر هاووڵاتییەک لە نێوان 700 هەزار تمەن تاوەکو یەک ملیۆن و 500 هەزار تمەنە.