ئێران: لێدوانەکانی ترەمپ ناتوانێت یەکگرتووییمان لەنێوخۆ و دەرەوەدا تێکبدات

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەرکۆنەی لێدوانەکانی ترەمپ دەکات و دەڵێت، "لێدوانەکانی ترەمپ ئاژاوەگێڕی و چەواشەکارانەن."
 
دۆناڵد ترەمپ لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هۆشداری بە ئێران دالە ئەگەری شکستهێنانی گفتوگۆی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران و گوتی، "رێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
 
دۆناڵد ترەمپ هۆشداری بە ئێران دا و گوتی، "ئەگەر سەرکردایەتیی ئێران ئەم لقە زەیتوونە رەتبکاتەوە و بەردەوامبێت لە هێرشکردنە سەر دراوسێکانی، ئەوا هیچ بژاردەیەکمان نابێت جگە لە سەپاندنی [سیاسەت]ـی ئەوپەڕی گوشار و کەمکردنەوەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ سفر وەک ئەوەی پێشتر کردم."
 
رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی قسەکانی ترەمپ دا گوتی، لێدوانەکانی ترەمپ بۆ تێکدانی نێوان ئێران و دراوسێ عەرەبەکانمانە و ناتوانێت یەکگرتوویی ئێران لەنێوخۆ و دەرەوە تێکبدات."
 
لەوکاتەوەی ترەمپ بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتیی دەستبەکاربووەتەوە، تیمی ئەمریکا و ئێران بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە پەیوەندی و دانوستاندنی بەردەوامدان، مژارەکەش بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانە.
 
شاندی ئێران و ئەمریکا لە 12ـی نیسانەوە چوار جار کۆبوونەتەوە. سێیان لە عومان و جارێک لە ئیتاڵیا.