پاڵێوراوانی كورد لە نەغەدە لیستی هاوبەش پێكدەهێنن
رووداو- رۆژهەڵاتی كوردستان
لە شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتی كوردستان مۆڵەت بە 8 كورد دراوە بەشداریی لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی ئەو شارەدا بكەن، كە سەرجەم پاڵێوراوانی كورد لەو شارە بە لیستی هاوبەش بەشداریی هەڵبژاردنەكان بوون.
شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتی كوردستان لە دوو پێكهاتەی كورد و تورك پێكهاتووە، كە لەكۆی 30 پاڵێوراو 22 پاڵێوراویان لە پێكهاتەی تورك و 8 پاڵێوراو لە پێكهاتەی كوردن.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (رووداو) 8 پاڵێوراوە كوردەكەی نەغەدە بە لیستێكی هاوبەش بۆ بەدەستهێنانی 9 كورسییەكەی ئەنجوومەنی ئەو شارە بەشدارییان كردووە.
لە قۆناغی یەكەمدا تەنیا مۆڵەت بە 3 پاڵێوراوی كورد درابوو، بەڵام وەكو پاڵێوراوێكی هەڵبژاردنەكان دەڵێت: "بە هەوڵی نوێنەری نەغەدە و شنۆ لە پەرلەمانی ئێران 5 كەسی دیكەش مۆڵەتی خۆپاڵاوتنیان پێدرا".
نەغەدە لە پارێزگای ورمێ و لە نێوان شارەكانی مەهاباد، شنۆ، پیرانشار، ورمێ و میاندوا هەڵكەوتووە و ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 120 هەزار كەسە.
لە شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتی كوردستان، كە جگە لە كود، توركیشی لێ نیشتەجێ كراوە مۆڵەت بە 30 كەس دراوە كە بۆ خولی چوارەمی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی شار خۆیان بپاڵێون.
توركەكانی نیشتەجێی نەغەدەش 22 پاڵێوراویان هەیە، كە لە ناویاندا هاوپەیمانییەكی 9 كەسی پێكهاتووە.ا