سوپای ئێران: ئەمجارە بە 2000 مووشەک رژێمی زایۆنی دەکەینە ئامانج

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی سوپای ئێران دەڵێت: "لە داهاتوودا بە دوو هەزار مووشەک رژێمی زایۆنی دەکەینە ئامانج".
 
ئەمڕۆ شەممە 14ـی حوزەیرانی 2025، شاهین تەقی خانی، گوتەبێژی سوپای ئێران رایگەیاند: "لە داهاتوودا بە دوو هەزار مووشەک رژێمی زایۆنی دەکەینە ئامانج."
 
گوتەبێژی سوپای ئێران ئاماژەی بە ژمارەی ئەو مووشەکانە نەکرد کە شەوی رابردوو ئاراستەی ئیسرائیل کراون، بەڵام میدیای ئیسرائیل باس لە نزیکەی 200 مووشەک دەکات. 
 
بەرەبەیانیی رۆژی هەینی 13-06-2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ژمارەیەک بنکەی سەربازی و ئەتۆمی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمیی وڵاتەکەش کوژران.
 
ئێران لە وەڵامی هێرشەکەدا ئۆپەراسیۆنێکی دژی ئیسرائیل راگەیاند و چەند جارێک بە مووشەک هێرشی کردە سەر ئەو وڵاتە.
 
باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان شەوی رابردوو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، هێرشەکەی ئیسرائیل بووەتەهۆی ئەوەی 78 کەس بکوژرێن و زیاتر لە 320 کەسی دیکەش بریندار بن کە زۆربەیان هاووڵاتی سڤیل بوون، لەنێویاندا ژن و منداڵ هەبوون. 
 
بەگوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، هێرشی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە بووەتەهۆی برینداربوونی لانیکەم 60 کەس و کوژرانی 3 کەس.