ئێران کوژرانی دوو فەرماندەی سەربازی دیکەی وڵاتەکەی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی پەیوەندی و زانیاری سەر بە ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرانی دوو فەرماندەی سەربازی وڵاتەکەی راگەیاند.
ئەمڕۆ شەممە، 14ی حوزەیرانی 2025، ناوەندی پەیوەندی و زانیاری سەر بە ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند: "لە ئەنجامی هێرشی رژێمی زایۆنی بۆ سەر وڵاتەکەمان، غوڵام رەزا محرابی و مەهدی رەبانی" کوژران.
غوڵام رەزا محرابی، جێگری سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ کاروباری هەواڵگری و مەهدی رەبانی، جێگری سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بوون.
بەرەبەیانیی رۆژی هەینی 13-06-2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ژمارەیەک بنکەی سەربازی و ئەتۆمی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمیی وڵاتەکە کوژران.
ئێران لە وەڵامی هێرشەکەدا ئۆپەراسیۆنی ''پەیمان راست 3''ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند و بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر وڵاتەکە.
باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، هێرشەکەی ئیسرائیل بووەتە هۆی کوژرانی 78 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 320 کەسی دیکە کە زۆربەیان هاووڵاتی سیڤیل بوون، لەنێویاندا ژن و منداڵ هەبوون.
بەگوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، هێرشی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە بووەتە هۆی برینداربوونی لانیکەم 60 کەس و کوژرانی 3 کەس.