میدیای ئێران دەڵێت، لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا تەنیا لە باڵەخانەیەکی تاران 60 کەس کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
میدیایی ئێران دەڵێت، لە هێرشی ئیسرائیلدا بۆ سەر وڵاتەکە، تەنیا لە لە باڵەخانەیەکی تاراندا 60 کەس کوژراون کە 20 کەسیان منداڵ بوون.
ئەمڕۆ شەممە 14ـی حوزەیرانی 2025، میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە: "لە باڵەخانەیەکی 14 نهۆمی لە ناوچەی چەمران لە تاران 60 کەس کوژراون."
میدیای ئێران باس لەوە دەکات، لەو 60 کەسەی کوژراون 20 کەسیان منداڵ بوون کە تەرمی 10 لەو منداڵانە تاوەکو ئێستا لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکەدایە.
بەرەبەیانیی رۆژی هەینی 13-06-2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ژمارەیەک بنکەی سەربازی و ئەتۆمی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمیی وڵاتەکەش کوژران.
ئێران لە وەڵامی هێرشەکەدا ئۆپەراسیۆنێکی دژی ئیسرائیل راگەیاند و چەند جارێک بە مووشەک هێرشی کردە سەر ئەو وڵاتە.
باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان شەوی رابردوو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، هێرشەکەی ئیسرائیل بووەتەهۆی ئەوەی 78 کەس بکوژرێن و زیاتر لە 320 کەسی دیکەش بریندار بن کە زۆربەیان هاووڵاتی سڤیل بوون، لەنێویاندا ژن و منداڵ هەبوون.
بەگوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، هێرشی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە بووەتەهۆی برینداربوونی لانیکەم 60 کەس و کوژرانی 3 کەس.