پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسای 'زیادکردنی سزای سیخوڕی'ی هەموار کردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای تانەدان لە پڕۆژە یاسای (زیادکردنی سزای سیخوڕی) لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە و گەڕاندنەوەی بۆ پەرلەمان، ئەو دامەزراوەیە پڕۆژە یاساکەی هەموار کردەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 13ی تەممووزی 2025 پەرلەمانی ئێران پڕۆژە یاسای (زیادکردنی سزای سیخوڕی)ی هەموار کردەوە، کە لە کاتی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل پەسند کرابوو و، هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووریی وڵاتەکە بەهۆی ناڕوونی لە هەندێک لە بڕگەکانیدا بۆ پەرلەمانی گەڕاندەوە.
 
لە دەقە نوێیەکەدا کە لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانتارانەوە پەسند کراوە، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران وەکو دەسەڵاتی دەستنیشانکردنی "وڵاتانی دووژمن و گرووپە دووژمنکارەکان" ناسێندراوە؛ هەروەها وەزارەتی ئیتڵاعات وەکو لایەنی بەرپرس لە دەستنیشانکردنی تۆڕە دووژمنکارییەکان دیاریکراوە.
 
بەگوێرەی دەقی هەموارکراوی پڕۆژە یاساکە، سزای هەر "چالاکییەکی هەواڵگری و سیخوڕی و کردەیەکی ئۆپەراسیۆنی"  بۆ بەرژەوەندیی "وڵاتانی دووژمن و گرووپە دوژمنکارەکان" لەسێدارەدان و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی تاوانبارانە.
 
پڕۆژە یاسا نوێیەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە جگە لە ئەمریکا و ئیسرائیل کە بە دوو "وڵاتی دووژمنکار" دانراون، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی دەسەڵاتی دەستنیشانکردنی "دەوڵەت و گرووپە دووژمنکارەکان"ی دیکەی هەیە.
 
لە دەقە پێشووەکەی پڕۆژە یاساکەدا هیچ پێناسەیەکی روون بۆ وڵاتانی دژبەر یان گرووپی دووژمنکارانە نەکرابوو و ئەوەش یەکێک لە هۆکارەکانی گەڕاندنەوەی یاساکە بوو بۆ پەرلەمان لە لایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە.
 
هۆکارێکی دیکەی گەڕاندنەوەی پڕۆژە یاساکە بۆ پەرلەمان ئەوە بوو کە ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور پێی وابوو لە چۆنیەتی دیاریکردنی تۆمەتی "ناپاکی لەسەر زەوی" لە سەر تۆمەتباران و جێبەجێکردنی سزا لەسەریان ناڕوونی هەبووە.
 
بڕگەیەکی دیکەی پڕۆژە یاساکە کە ئێستا هەموار کراوەتەوە، تایبەتە بە دیاریکردنی سزا بۆ ئەو کەسانەی بە ناردنی ڤیدیۆ یان زانیاری بۆ "تۆڕە دووژمنکارەکان و بیانیەکان" دەبنەهۆی "لاوازکردنی مۆڕاڵی گشتی، دروستکردنی دووبەرەکی و تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی" و سزاکەش زیندانیکردن و بێبەشکردنی هەمیشەیی لە خزمەتگوزارییە حکومی و گشتییەکان بۆی دیاریکراوە.
 
ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران ناڕەزایەتی دەربڕیبوو کە چەمکەکانی وەک "دروستکردنی دووبەرەکی" و "تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی" ناڕوونن و پێویستە بە روونی ئاماژەیان پێ بکرێت.
 
ئێستا لە دەقی هەموارکراودا دەستەواژەی "ئەگەر پێچەوانەی ئاسایشی نیشتیمانی بێت" لە جیاتی ئەو دوو چەمکی سەرەوە بەکارهێندراوە.
 
هەروەها بە پێی هەمواری پڕۆژە یاساکە، جگە لە سزای لەسێدارەدان، سزاکانی دیکە ناتوانرێت تانەیان لێبدرێت. لە دەقەکەدا هاتووە: "ئەو بڕیارانەی بە پێی ئەم یاسایە دەردەچن، جگە لە لەسێدارەدان، هەموویان بڕیاری کۆتایین و جێبەجێ دەکرێن. سزای لەسێدارەدان دەتوانرێت لە 10 رۆژدا لە دادگەی باڵا تانەی لێبدرێت."
 
پەرلەمانی ئێران لە 23ی حوزەیرانی 2025 پێشنیازی زیادکردنی سزای سیخوڕیکردن لەو وڵاتەی پەسند کرد.
 
بەپێی دەقی یەکەمی پڕۆژە یاساکە، هەرچەشنە هاوکارییەکی هەواڵگری، سەربازی، ئابووری، تەکنەلۆژیایی لەگەڵ "وڵاتانی دژبەری ئێران" بە بڵاوکردنەوەی "ناپاکی لەسەر زەوی" هەژمار دەکرێت کە سزاکەی دەتوانێ لەسێدارەدان بێت.
 
لە پڕۆژەیاساکە بە ئاماژەدان بە قەدەخەبوونی کڕین و فرۆشتن و بەکارهێنانی ئینتەرنێتی ستارلینک هاتووە، هەر کەس بەکاری بهێنێت یان بیکڕێ و بیفرۆشێت، سزا دەدرێت.
 
بەپێی پڕۆژە یاساکە، بەشداریکردن لە گردبوونەوە دژی دەسەڵاتی ئێران لەکاتی شەڕدا و ناردنی وێنە و ڤیدیۆ و هەواڵ لەبارەی کاریگەرییەکانی شەڕ بۆ میدیاکانی دەرەوەی ئێران، بە تاوان هەژمار کراون.
 
مای ساتۆ، ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، هەفتەی رابردوو نیگەرانیی خۆی لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران لە دوای ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل دەربڕی و سەبارەت بە دەرکردنی پڕۆژە یاسای "زیادکردنی سزای سیخوڕی" لەو وڵاتە هۆشداری دا.