تەقینەوەیەک لە شاری قومی ئێران روویدا و 7 کەس بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
تەقینەوەیەک لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری قوم لە باشووری تاران روویدا و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، 7 کەس بریندار بوون. بەرگریی شارستانیی شارەکە دەڵێت، تەقینەوەی گاز بووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 14ی تەمموزی 2025، تەقینەوەیەک لە نهۆمی یەکەمی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی پەردیسانی شاری قوم روویدا.
تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و هێزێکی ئەمنی لە ناوچەکە بڵاوەی پێکراوە.
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، تەقینەوەکە بە هۆی لێچوونی گاز روویداوە.
محەممەدجواد باقری، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی قوم بە میدیای فەرمیی ئێرانی راگەیاند، چەندین تیمی فریاکەوتنیان بە پێنج ئەمبووڵانسەوە بۆ شوێنی تەقینەوەکە ناردووە و تاوەکو ئێستا حەوت بریندار هەن.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی شارەکەش دەڵێت، رووداوەکە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام تاوەکو ئێستا حەوت کەس بە برینداری بۆ نەخۆشخانە گوێزراونەتەوە.
سەبارەت بە هۆکاری تەقینەوەکە، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی قوم گوتی، لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە و بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان، تەقینەوەکە بەهۆی لێچوونی گاز بووە.