پۆلیسی ئێران: 75٪ـی زیارەتکاران گەڕاونەتەوە وڵات

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری پۆلیسی ئێران دەڵێت، تاوەکو ئێستا سێ ملیۆن و 600 هەزار زیارەتکاری شوێنە پیرۆزەکانی عێراق بە دەروازە سنوورییەکاندا تێپەڕیون. ئاماژە بەوەش دەکات، 75٪ـیان گەڕاونەتەوە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14-08-2025، ئەحمەد رەزا رادان، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئێران بۆ بەسەرکردنەوەی دەروازەی سنووریی مێهران، سەردانی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانی کرد و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دۆخی هاتووچۆی زیارەتکارانی شوێنە پیرۆزەکانی عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 75٪ـی زیارەتکاران گەڕوانەتەوە وڵاتەکە.
 
ئەحەمەد رەزا رادان گوتی، ''لە سەرەتای مانگی سەفەرەوە (26ـی تەممووز)، سێ ملیۆن و 600 هەزار زیارەتکار بە دەروازە سنوورییەکاندا هاتووچۆیان کردووە و تاوەکو ئێستاش چوونی زیارەتکاران بۆ عێراق بەردەوامە.''
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی ئێران، لەو ژمارەیە، دوو ملیۆن و 700 هەزار کەس گەڕاونەتەوە وڵاتەکەوە و هێشتا 900 هەزار زیارەتکار لە کەربەلا، نەجەف، کازمەین و سامەڕا ماونەتەوە.
 
ئەم ساڵ چلەی ئیمام حوسێن کەوتە 14ـی ئاب. لە هەموو پارێزگا سنوورییەکانی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دەروازەوی سنووریی تایبەت دەستنیشان کراون بۆ هاتووچۆی زیارەتکارانی شیعە. لە پارێزگای ورمێ، دەروازەی سنووریی حاجی عومەران، لە سنە، دەروازە سنوویی باشماخ، لە کرماشان دەروازەی سنووریی خوسرەوی، لە ئیلام دەروازەی سنووریی مێهران و لە خوزستان دەروازەی سنووریی چەزابە دەستنیشان کراوە.