بەشێک لە خەڵکی ئێران رەخنە لە تەوقەکردنی ماکرۆن لەگەڵ رەئیسی دەگرن
رووداو دیجیتاڵ
خۆپێشاندەرانی ئێران داوای هەڵوێستی تووندتری وڵاتانی رۆژئاوا دژی ئێران دەکەن، سەرۆکی فەرەنسا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی بەڕوونی سەرکۆنەی ئەو "سەرکوتکارییە" دەکات کە ئێران دەیکات و لە پاڵ ئەو ژنانەدا دەوەستن.
ناڕەزاییەکانی ئێران وا لە کۆتاییهاتنی هەفتەی چوارەم نزیک دەبنەوە و بەرەو هەفتەی پێنجەم دەڕۆن؛ تاوەکو ئێستا دەیان کوژراو، سەدان بریندار و هەزاران دەستگیرکراوی لێکەوتوونەتەوە.
هەفتەی رابردوو ئەمریکا، کەنەدا و بەریتانیا کۆمەڵێك سزایان بەسەر چەند بەرپرسێكی ئێرانی سەپاند و یەکێتیی ئەوروپاش بە نیازە هەنگاوی هاوشێوە بنێت.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکی ئەمریکا، لەگەڵ سەرۆکی ئێران کۆدەبێتەوە. ئەوەش بەشێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی تووڕە کرد.
گولشیفتە فەراهانی، خانمە ئەکتەری ناوداری ئێرانی نیشتەجێی فەرەنسا رەخنەی تووندی لە ماکرۆن گرت و گوتی، "کاتێکی زۆری ویست تاوەکو لەوەی کە لە فەرەنسا دەگوزەرێت، تێبگەم فەرەنسا وڵاتی مافی مرۆڤ، وڵاتی مافی ژنان، بۆچی هیچ هەڵوێستێکی لە ئاست خۆپێشاندانەکانی ئێران نەبوو؟ بۆچی ماکرۆن تەوقەی لەگەڵ سەرۆکی ئێران کرد؛ رێک لەو کاتەی کە نەدەبووایە بیکردایە".
ژینا ئەمینی ئیلهامبەخشی هەڵگیرسانی ناڕەزایەتییەک بوو کە ئێستا بە گوتەی زۆربەی خەڵک، بووەتە شۆڕش یان شان لە شانی دەدات؛ تاڕادەیەکی زۆریش خەریکە رای گشتی فەرەنسا و وڵاتانی رۆژئاوا بەلای خۆیدا رادەکێشێت و میدیای هێناوەتە سەر هێڵ.
سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت، "بەشێوەیەکی روون فەرەنسا سەرکۆنەی ئەو سەرکوتکارییە دەکات کە ئەمڕۆ رژێمی ئێران دەیکات و ئێمە لە پاڵ ئەو ژنانە دەوەستین. ئەوان خەڵکانێكی خاوەن سەروەرین کە شەڕ بۆ ئازادییان دەکەن".
ماکرۆن لەبارەی ناڕەزایەتیی بەشێک لە خەڵکی ئێران لەسەر تەوقەکردنی لەگەڵ رەئیسی و پشتگیریکردنی لەو سەرۆککۆماری ئێران گوتی، "هەرگیز وانییە. فەرەنسا چەندین ساڵە لەوێ بووە، بۆ ئەوەی پیشانی بدەین کە ئێمە شەڕ دەکەین و بەرگری لە بەهاکانمان دەکەین و بەرگری لەو ژن و پیاوانە دەکەین".
هەفتەی رابردوو ئەمریکا، کەنەدا و بەریتانیا کۆمەڵێك سزایان بەسەر چەند بەرپرسێكی ئێرانی سەپاند و یەکێتیی ئەوروپاش بە نیازە هەنگاوی هاوشێوە بنێت؛ هەڵوێستێكە لەلایەن زۆربەی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە کەمی تەماشا دەکەن و بەشێکیشیان داوای هەڵوێستی جیددیتر لە ئیدارەی بایدن دەکەن لە سەرووی هەموویانەوە راگرتنی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان.