ئاژانسی هرانا: 224 کەس لە خۆپێشاندانەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی مافی مرۆڤیی هرانا ئەمڕۆ هەینی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە لەبارەی قوربانییان، دەستبەسەرکراوان و ژمارەی ئەو شوێنانەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، کە خۆپێشاندانیان تێدا بەڕێوەچووە.
بەپێی ئەو ئامارە لە 17-09-2022 تاوەکو 13-10-2022 گیانلەدەستدانی 224 کەس لە خۆپێشاندەران و خەڵکی ئاسایی لە ناڕەزاییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پشتڕاستبووەتەوە. لەنێو ئەو کەسانەدا لانیکەم 29 کەسیان تەمەنیان خوار 18 ساڵ بووە.
ئاژانسی مافی مرۆڤیی هرانا دەڵێت، مەزندە دەکرێت پێنج هەزار و 974 کەس لەو ماوەیەدا و بە تۆمەتی هاندان یان بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکان دەستبەسەرکرابن. شوناسی 672 کەس لە دەستبەسەرکراوان ئاشکرا بووە. هەروەها 168 خوێندکاری زانکۆ لەنێو دەستبەسەرکراواندان.
ئاژانسەکە باس لەوەش دەکات، لە 28 رۆژی رابردوودا لە 423 شوێن خۆپێشاندان کراوە. خۆپێشاندانەکان 112 شاریان گرتووەتەوە. هەروەها لە 70 زانکۆشدا گردبوونەوە و خۆپێشاندان بەڕێوەچووە.
بەپێی ئەو راپۆرتە، لەو ماوەیەدا 24 کەس لە هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیش کوژراون. میدیاکانی ئێران ئەمڕۆ رایانگەیاند، بەرەبەیانیی هەینی پلەدارێک و پاسدارێکی دیکە لە شاری بەیرەم لە پارێزگای فارس کوژراون.