وەزیری ناوخۆی ئێران: ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بین ژمارەی دانیشتووانمان بۆ 40 ملیۆن دادەبەزێت

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی ئێران لەبارەی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکەی هۆشداری دەدات و دەڵێت، ئەگەر رەوتی ئێستای دابەزینی ژمارەی دانیشتووان بەردەوام بێت، تاوەکو ساڵی 2100 زایینی ژمارەی دانیشتووانی ئێران بۆ کەمتر لە 40 ملیۆن کەس دادەبەزێت.
 
ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ پارێزگارانی وڵاتەکە گوتی، بەردەوامیی دابەزینی ژمارەی دانیشتووان لە ئێران بەم شێوەیەی ئێستا هەیە، دەکرێ ببێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی.
 
بە گوتەی وەزیری ناوخۆی ئێران، پرسە ئابوورییەکان تاکە هۆکاری کێشەکە نین و بەشێکی گرنگی کێشەکە پەیوەستە بە پرسە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان.
 
ئەسکەندەر موئمینی گوتی: "ئەمڕۆ منداڵی کەمتر لە نێو خێرانە ئێرانییەکاندا بووەتە بەهایەکی کۆمەڵایەتی، بەڵام پێویستە ئەم رەوتە هەڵەیە بە رێوشوێنی کولتووری و کۆمەڵایەتیی گونجاو راست بکەینەوە."
 
موئمینی روونیکردەوە، حکومەت بۆ هاندانی خێزانەکان بۆ منداڵبوون و وەچەخستنەوەی زیاتر، یارمەتی دارایی پێشکەش دەکات، بەڵام بەبێ راستکردنەوەی تێروانین و فاکتەرە کولتوورییەکان، ئەو رێوشوێنانە ئەنجامی پێویستیان نابێت.
 
وەزیری ناوخۆی ئێران دەڵێت: "پێویستە کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان کۆنترۆڵ بکەین و هەلومەرجی گونجاو بۆ خێزانەکان برەخسێنین بۆ ئەوەی منداڵی زیاتریان هەبێت."
 
بەپێی ناوەندی ئاماری ئێران، ژمارەی دانیشتووانی ئێران زیاتر لە 88 ملیۆن کەسە.
 
مەرزیە وەحید دەستجردی، سکرتێری لیژنەی نیشتمانی بۆ پشتیوانی لە خێزان و گەنجێتیی دانیشتووانیش لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، دۆخی دانیشتووان لە پارێزگاکان جیاوازە، پابەندین بە چاودێریکردنی ئەو پارێزگایانەی کە رێژەی منداڵبوونیان کەمە یان مەترسیی دابەزینی بەرچاوی رێژەی منداڵبوونیان لەسەرە.
 
مەرزیە وەحید دەستجردی دەڵێت، پێویستە وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگارەکان پلان و بەرنامەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی لە بەردەم منداڵبوون لە پارێزگاکان دابڕێژن، بە تایبەت ئەو پارێزگایانەی دۆخێکی خراپتریان هەیە و رێژەی منداڵبوون تێیاندا زۆر کەمە.