ژن و پیاوێک لە پێشانگەیەکدا لە ئێران خۆیان بە رۆبۆت دەناسێنن

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پێشانگەیەکی رۆبۆتدا لە شاری کیشی ئێران، ژنێک و پیاوێکی مەکیاجکراو خۆیان بە رۆبۆت دەناسێنن و ئەوەش دەنگدانەوەی زۆری لێدەکەوێتەوە.
 
بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە پێشانگەی (ئینۆتێکس) لە دوورگەی کیشی باشووری ئێران بڵاوکراوەتەوە، ژنێک و پیاوێک خۆیان بە رۆبۆت دەناسێنن، بەڵام روون بووەتەوە ئەو دوو کەسە مرۆڤی راستەقینەن.
 
تاوەکو ئێستا بەڕێوەبەرانی پێشانگەکە لەبارەی ئەو رۆبۆتانە روونکردنەوەیان نەداوە، بەڵام ژمارەیەک شارەزای بواری رۆبۆت لە ئێران بەدواداچوونیان بۆ ئەوە کردووە کە ئایا ئەو ژن و پیاوە رۆبۆتن یان مرۆڤی راستەقینە و بۆیان دەرکەوتووە، مرۆڤی راستەقینەن و لاسایی رۆبۆت دەکەنەوە.
 
شارەزاکان دەڵێن، رووخسار و شێوازی جەستەیان، زیپکەی سەر روخساریان، شێوازی رێگە رۆیشتن و جووڵاندنی دەست و ئەندامانی دیکەی جەستەیان، هەروەها ئاستی بەرزی وشیاربوونیان پێشانی دەدات، ئەو دوو کەسە مرۆڤی راستەقینەن و لاسایی رۆبۆت دەکەنەوە.
 
ئێران لە بواری دروستکردنی رۆبۆت لەنێو وڵاتانی ناوچەکەدا بە وڵاتێکی پێشکەوتوو دادەنرێ و گرووپەکانی دروستکردنی رۆبۆتی ئێران لە ساڵانی رابردوودا لە ئاستی ناوچەکە، ئاسیا و جیهانیشدا پلەیان بەدەستهێناوە، بەڵام ناگاتە ئاستی ئەو وڵاتانەی رۆبۆتی زۆر پێشکەوتوو دروست دەکەن و لە کاروباری رۆژانەدا سوودیان لێوەردەگرن.
 
دانانی مرۆڤی راستەقینە لە جێگەی رۆبۆت لە پێشانگەی کیش کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە و بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێن، بڕیاربوو دوایین بەرهەمەکانی رۆبۆتی ئەو وڵاتە لە پێشانگەکەدا بخرێنەڕوو، نەوەک ئەوەی بیانەوێ بە جوانکارییەوە مرۆڤ بە رۆبۆت بناسێنن.