ئاسمانی ئێران بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکان دا کرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئێران ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا کردەوە، پێشتر بەهۆی مەترسیی هێرشی ئەمریکاوە بەڕووی زۆربەی گەشتەکاندا داخرابوو.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ی کانوونی دووەمی 2026، دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران لە راگەیێندراوێکدا کردنەوەی ئاسمانی وڵاتەکە بەڕووی گەشتەکاندا راگەیاند.
 
دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران رایگەیاندووە: "ئاسمانی ئێران میوانداری گەشتی ترانزێت و گەشتەکانی چوون و هاتن دەکات، فڕۆکەخانەکانیش خزمەتگوزاری پێشکەش بە سەرنشینەکان دەکەن."
 
دەستەکە دەڵێت، گەشتەکان لە دوای کاژێر 7ی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممەوە کرانەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "پێویستە ئەوانەی گەشتیان هەیە و بلیتیان بڕیوە، پێش چوونیان بۆ فڕۆکەخانەکان، پەیوەندی بە فڕۆکەخانەکانەوە بکەن، گەشتەکەیان پشتراست بکەنەوە."
 
شەوی چوارشەممە، 14-01-2026، بەهۆی زیادبوونی گرژییەکان و دەنگۆی ئەگەری هێرشی سەربازی ئەمریکا، ئێران ئاسمانی وڵاتەکەی داخست و هیچ فڕۆکەیەک لە ئاسمانی ئێران نەبیران.
 
دوێنی 19 وڵات هۆشداریی بەپەلەیان بە هاووڵاتییانیان دا بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئێران بەجێبهێڵن.
 
دۆخی ئێران ناجێگیرە و 18 رۆژ بەسەر دەستپێکردنی خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی خەڵکی وڵاتەکەدا تێدەپەڕێت و هێزە ئەمنییەکان و خۆپێشاندەران لە چەندین پارێزگا رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە، هەفتەیەکە حکومەتی ئێران هێڵی ئینتەرنێت و تۆڕەکانی پەیوەندیی لەسەرانسەری وڵاتەکە بڕیوە. 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا)، لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە دوو هەزار و 403 کەس کوژراون و زیاتر لە 18 هەزار و 400 کەسیش دەستبەسەر کراون.