سوپای پاسداران: هاووڵاتییەک لە لوڕستان بە چەکێکی ئاسایی مووشەکێکی کروزی خستەخوارەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە پارێزگای لوڕستان دەڵێ، هاووڵاتییەکی ناوچەی پاپی سەر بە خوڕەمئاوای ناوەندی پارێزگای لوڕستان توانیویەتی بە چەکێکی ئاسایی مووشەکێکی کروز بخاتە خوارەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێنداوی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە پارێزگای لوڕستان، رووداوەکە رۆژی شەممە روویداوە. مووشەکەکە لە جۆری "AGM-158" ناسراو بە "JASSM" بووە کە یەکێکە لە مووشەکە کروزە پێشکەوتووەکان و بە تایبەتمەندیی "خۆدزینەوە لە رادار" دەناسرێت.
 
لەبارەی وردەکاریی چۆنیەتیی خستنەخوارەوەی مووشەکەکەوە، سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە: "دوای لێکۆڵینەوەی پسپۆڕانی بواری مووشەکی، دەرکەوتووە بەهۆی ئەوەی مووشەکەکە لە بەرزاییەکی کەمدا رۆیشتووە، ئەو هاووڵاتییە توانیویەتی نیشانەی لێ بگرێ و بیپێکێت."
 
هەر لە راگەیێنداوەکەدا هاتووە کە دوای بەرکەوتنی فیشەکەکە، مووشەکەکە ئاراستەکەی گۆڕاوە و دوای کێشانی بە کێوەکانی ناوچەکەدا، تەقیوەتەوە و تێکشکاوە.
 
لە 28ی مانگی رابردووەوە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە.