ئاماری نوێی جەنگ لە ئێران؛ زیان بە نزیکەی 43 هەزار شوێن کەوتووە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی ئێران ئاماری نوێی زیانەکانی بۆ سەر وڵاتەکەی راگەیاند و دەڵێت: "بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، نزیکەی 430 ئافرەت، قوتابی و مامۆستا کوژراون، زیان بەر نزیکەی 43 هەزار شوێن گەیشتووە".
رۆژی شەممە 14-03-2026، فاتمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران کۆمەڵێک ئاماری تایبەت بە زیانەکانی جەنگ خستەڕوو و رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکاندا 42 هەزار و 914 شوێنی سڤیل زیانیان بەرکەوتووە.
بەگوتەی فاتمە مهاجرانی، لەو ژمارەیە، 36 هەزار و 489ـیان یەکەی نیشتەجێبوونن کە 10 هەزاریان لە پارێزگای تاران. هەروەها زیان بەر شەش هەزار و 179یەکەی بازرگانیش کەوتووە.
گوتەبێژی حکومەتی ئێران لەبارەی کوژراو و بریندارانی ژن دەڵێت: "بەهۆی هێرشەکانەوە 223 ژن کوژراون و 2729 ژنیش بریندار بوون.''
بەگوێرەی ئامارەکانی فاتمە مهاجرانی، لە سەرەتای جەنگەوە 33 بنکەی فریاگوزاریش زیانیان بەرکەوتووە کە 3ـیان بە تەواوی خاپوور بوون، هەروەها ژمارەی کوژراوانی کەرتی تەندروستیش گەیشتووەتە 16 کەس.
وەکو گوتەبێژی حکومەتی ئێران دەڵێت، هەر لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، نزیکەی 32 پاس-ئەمبوڵانس، 35 ناوەندی چارەسەری پزیشکی، 152 بنکەی تەندروستی و زیانیان بەرکەوتووە.
فاتمە مهاجرانی ئەوەشی خستەڕوو، 120 قوتابخانە لە سەرانسەری ئێران زیانی ''جیدی''ـیان بەرکەوتووە و تاوەکو ئێستا 206 مامۆستا و قوتابیش لە ئەنجامی هێرشەکاندا کوژراون.
گوتەبێژی حکومەتی ئێران راشیگەیاند لە درێژەی بۆردوومانەکاندا، ''هێرشکراوەتە سەر گوندێکی سەر بە بوویین زەهرا، کەمپێکی گەشتیاریی خێزانی لە دوورگەی قیشم لە درۆنەوە بۆردوومان کراوە و تاوەری ئازادیش لە رۆژئاوای تاران زیانی بەرکەوتووە.''