تەندروستیی ئێران: زیاتر لە 400 ژن و منداڵ لەم جەنگەدا کوژراون


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێ، لە سەرەتای ئەم جەنگەوە 223 ژن و 202 منداڵ لە وڵاتەکەی کوژراون. 
 
بەپێی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لەنێو ئەو ژنانەی گیانیان لەدەستداوە، سێیان دووگیان بوون.
 
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، 202 منداڵ گیانیان لەدەستداوە کە 12یان تەمەنیان لەژێر پێنج ساڵدا بووە و 41 منداڵی دیکەی تەمەن ژێر دوو ساڵیش بریندار بوون.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کەرتی تەندروستیی ئێران لەژێر گوشارێکی گەورەدایە، بەو پێیەی 153 ناوەندی تەندروستی لە سەرتاسەری وڵاتدا زیانیان بەرکەوتووە و سێ کارمەندی ئەو کەرتەش کوژراون، ئەوەش کاتێک لەسەر کار بوون.
 
وەزارەتی تەندروستیی ئێران باس لەوە دەکات، سەرەڕای ئەو زیانە گەورەیەی بەر ناوەندە تەندروستییەکان کەوتووە، پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بەردەوامە.