وەزارەتی دەرەوەی ئێران: ئەمریکا و ئیسرائیل شوێنەوارە مێژووییەکان دەکەنە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی، هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر مۆزەخانە و شوێنەوارە مێژووییەکانی وڵاتەکەی سەرکۆنە دەکات و بە "پێشێلکردنی سیستماتیکی یاسا نێودەوڵەتییەکان" ناوی دەبات.
کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، هێرشکردنە سەر مۆزەخانە و شوێنەوارە مێژووییەکان "دەستدرێژیکردنە بۆ سەر ناسنامەی شارستانیی ئێران و ئەو موڵکە کولتوورییانەی بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان پارێزراون."
بە گوتەی ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیان بە "دەیان شوێنەواری مێژوویی و کولتووری" کەوتووە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە میراتە کولتوورییەکانیش لە هێرشەکان بەدەر نین.
غەریبئابادی باسی لەوە کرد، ئەم دۆخە "نموونەیەکی روونی پێشێلکردنی سیستماتیکی یاسا نێودەوڵەتییەکانە لە رەهەندە جیاوازەکاندا" کە لەلایەن واشنتن و تەلئەڤیڤەوە دەکرێ.