ئێران: لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا 56 مۆزەخانە و شوێنەواری مێژوویی زیانیان بەرکەوتووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندە نیشتمانی و جیهانییەکانی میراتی کولتووری لە ئێران رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی، لانیکەم 56 مۆزەخانە، شوێنەواری مێژوویی و ناوچەی کولتووری لە چەندین پارێزگای جیاواز رووبەڕووی زیانی جیدی بوونەتەوە، کە تاران زۆرترین زیانی بەرکەوتووە.
عەزیزی زەلانی، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندە میراتییە نیشتمانی و جیهانییەکانی ئێران رایگەیاند، پلانی نۆژەنکردنەوەی بەپەلە بۆ ئەو شوێنەوارانە خراوەتە کارنامەی وەزارەتەکەی و ئاماژەی بەوە کرد کە پارێزگای تاران بە 19 شوێنەواری زیانبەرکەوتوو، لە سەرووی لیستی ئەو ناوچانەدایە هێرشیان کراوەتە سەر.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە، لە تاران چەندین شوێنەوار کراونەتە ئامانجی "هێرشی راستەوخۆ"، لەوانە کۆشکی گوڵستان، قەلابەندی مێژوویی تاران، بازاڕی مێژوویی تاران، کۆشکی مەڕمەڕ، بینای مێژوویی شارەبانی، باڵەخانەی پێشووی ئەنجوومەنی پیران، مزگەوتی سپەهسالار و کۆشک-مۆزەخانەی فەرەح ئاباد.
زەلانی ئەو شوێنەوارانەی وەک "ناسنامەی مێژوویی و گەنجینەی هونەری ئێران" ناوبرد.
لە پارێزگای سنە، 12 شوێنەواری دیار زیانیان بەرکەوتووە کە گرنگترینیان بریتین لە تەلاری سالار سەعید (مۆزەخانەی شوێنەوارناسیی سنە)، مۆزەخانەی خەسرەوئاباد و تەلاری ئاسف وەزیری (ماڵی کورد).
هەرچی پارێزگای ئیسفەهانە، مەیدانی نەقشی جیهان کە لە لیستی میراتی جیهانیی یونسکۆدا تۆمارکراوە، لەگەڵ کۆشکی چل ستوون، مزگەوتی جامع و بەشێک لە ناوەندە مێژووییەکانی شارەکە کراونەتە ئامانج.
زیانەکان پارێزگاکانی دیکەشیان گرتووەتەوە. لە پارێزگای کرماشان تەکێی بەگلەربێگی و خوێندنگەی مێژوویی کەزازی زیانیان بەرکەوتووە. لە پارێزگای لوڕستان قەڵای مێژوویی فەلەک ئەفلاک و مۆزەخانەکانی نێو قەڵاکە تووشی زیان بوون. هەروەها لە پارێزگای بوشەهر، تەلاری سەبزئاباد و خانووە مێژووییەکانی بەندەری سیراف زیانیان بەرکەوتووە.