راپۆرتێک: تاران پێشنیازی کردنەوەی تەنگەی هورمزی بە مەرجێک کردووە


رووداو دیجیتاڵ

ئێران پێشنیازێکی نوێی خستووەتە سەر مێزی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا، ئامادەیی نیشان داوە رێگە بدات کەشتییەکان بە تەنگەی هورمز دا تێپەڕ بن، بەڵام بەو مەرجەی لە دیوی ئاوەکانی عومانەوە تێپەڕ بن.
 
ئاژانسی رۆیتەرز رۆژی چوارشەممە، 15ی نیسانی 2026 لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، تاران وەک بەشێک لە پێشنیازەکانی بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی دووبارەی ململانێکان، ئامادەیی نیشان داوە کەشتییەکان ئاوەکانی عومان لە تەنگەی هورمز دا بەکار بهێنن بەبێ ئەوەی هیچ ئاستەنگێکیان بۆ دروست بکرێت.
 
لە دەستپێکی جەنگی ئێران لە 28ی شوبات، سەدان کەشتیی نەوتهەڵگر و بارهەڵگر لەگەڵ 20,000 دەریاوان لەنێو جەرگەی کەنداو دا گیریان خواردووە و ناتوانن دەربچن.
 
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە جێبەجێکردنی ئەم پێشنیازە بەندە بەوەی تاوەکو چەند واشنتن ئامادەیە داواکارییەکانی تاران جێبەجێ بکات.
 
هەرچەندە هێشتا روون نییە ئایا ئێران ئامادەیە ئەو مینە دەریاییانە رابماڵێت کە لەو ناوچانە دا چاندوونی، یاخود رێگە بەو کەشتییانە دەدات کە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە بەو رێڕەوە دا تێپەڕ بن.
 
ئەم پێشنیازە نوێیەی تاران لەکاتێکدایە کە "پڕۆسەی ئیسلام ئاباد" بۆ ئاشتی لە قۆناخێکی یەکجار هەستیار دایە. عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان رۆژی چوارشەممە گەیشتە تاران تاوەکو دوای شکستی گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکان، رێگەیەک بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست بدۆزێتەوە کە بڕیارە لە 21ی نیسان دا کۆتایی بێت.
 
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ لە 48 کاژێری رابردوو دا گەمارۆیەکی دەریایی توندی خستووەتە سەر هەموو بەندەرەکانی ئێران و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندووە کە داهاتی نەوتی تارانیان گەیاندووەتە "سفر".
 
ئەم جەنگەی ئێستا بووەتە هۆی گەورەترین پەککەوتنی هەناردەی نەوت و غاز لە مێژوو دا، چونکە تەنگەی هورمز رێڕەوی تێپەڕبوونی 20%ـی وزەی جیهانە.