ئێران بۆ ئەمریکا لەبارەی چەکەکان: بایەخ بە لێدوانەکانتان لەبارەی کوردەوە نادەین
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران هیچ بایەخێک بە لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکا لەبارەی کورد نادات و دەڵێت، "قسەکانیان نیشانەی بێچارەییە و دووژمن بۆ گەیشتن بە ئامانجە ناڕەواکانی، پەنا بۆ هەر جۆرە فێڵ و پیلانێک دەبات."
رۆژی هەینی، 15ی ئایاری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە سەردانێکی دا بۆ شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کاردانەوەی بەرامبەر لێدوانەکانی بەرپرسانی واشنتن پیشاندا، بەتایبەت بانگەشەی ناردنی چەک بۆ خۆپێشاندەرانی ئێران لە رێگەی کوردەوە.
ئیسماعیل بەقایی گوتی: "ئێمە هیچ کاتێک کارمان بە لێدوان و گوتەی بێگانەکان لەبارەی هاونیشتمانییانمانەوە نەبووە. ئێمە خۆمان دەزانین کە ئێرانییەکان، چ کورد، فارس، تورک یان بەلووچ، چۆن نیشتمانەکەیان خۆش دەوێت و شەیدای خاکەکەیانن."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ئەم جۆرە لێدوانانە نیشانەی "نەناسینی خەڵکی ئێرانە" و دووپاتی کردەوە کە خەڵکی کوردستان بە "خۆڕاگری و تێگەیشتنی بەرزی سیاسیی خۆیان، رۆڵێکی گرنگیان لە پاراستنی سنوورەکان و پەکخستنی پیلانی دووژمناندا گێڕاوە."
بەقایی گوتی: "قسەکانی بەرپرسانی ئەمریکی، زیاتر لە جاران ئێمە سەربەرز دەکات بە تێگەیشتن و ژیری و وردبینیی گەلی کورد؛ بەڕاستی دەبێت ئافەرینیان پێ بگوترێت کە ئەمجارەش دووژمنیان خەڵەتاند و بێهیوایان کردن."
ئەم لێدوانەی بەقایی دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران، چەندین جار بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە کاتی خۆپێشاندانەکانی کۆتایی ساڵی رابردوو، لە رێگەی کوردەوە چەکی بۆ ناو ئێران ناردووە، بەڵام چەکەکان نەگەیشتوونەتە دەستی خۆپێشاندەران.